سەردێر

لەبارەی كاركردن بە ڕەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك

لێپسراوی كاروباری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی لەبارەی كاركردن بە ڕەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی ڕوونكردنەوە دەدات.
مقەدەم شێركۆ ئەحمەد لێپسراوی كاروباری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند:”لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراقی فیدراڵ لە لێدوانێكدا سەبارەت بە كارتی نیشتمانی ھاووڵاتیان بەو ڕێنماییانەی لە بەغداوە بە دەستمان دەگات ھیچ بابەتێكی تازەگەری تێدا نییە لە لێدوانەكەیدا، چونكە لە سەرەتای دەستپێكردنی پڕۆژەی كارتی نیشتمانی لە عیراقدا بە نووسراوی فەرمی و ڕێنمایی ئاگادار كراوینەتەوە كە ڕەگەزنامەی عیراقی و پێناسی باری شارستانی كاری پێدەكرێت وەك بەڵگەنامەیەكی فەرمی ھاووڵاتیان ھەتا ئەو كاتەی ھەموو عیراقییەك دەبێتە خاوەنی كارتی نیشتمانی وە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی عیراقەوە”.

مقەدەم شێركۆ ئەحمەد ڕوونیشی كردەوە:”ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە ئاگاداری ھاووڵاتیان بكەینەوە ھەتا لەسەر ئاستی عیراق جەگە لە ھەر سێ بەڕێوەبەرایەتییەكەی ڕەگەزنامە لە ھەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عیراق ھەموو فەرمانگەكانیان تا ئێستا نەكراوە بە كارتی نیشتمانی وە لە ڕووی ڕاپەراندنی ئیشوكارەوە وەك پاڕێزگاكانی تری عیراق كاری ڕۆژانەمان بۆ ھاووڵاتیان ئەنجام داوە”.