سەردێر

پەڕلەمانتارێك: هیچ چارەسەرێك بۆ مامۆستایانی وانەبێژ نەخراوەتەڕوو

خەڵك
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەری كێشەی ونەبێژان هیچ چارەسەرێك بۆ كێشەكانیان نەخراوەتەڕوو، داواش لە مامۆستایانی وانەبێژ دەكات ئەو جۆرە هەواڵ و لێدوانانە ساردیان نەكاتەوە لە فشارەكانیان و جدیتربن تا دەرەنجامێكی باش بەدوای خۆیدا بهێنێت.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی خراوەتەڕوو هیچ چارەسەرێكی بۆ كێشەكانی وانەبێژان تێدا نیە، نە میكانزیمی چارەسەر نە ڕێكارەكانی خستۆتەڕوو، تەنها بۆ ئەوەیە ئەوان لە فشارە جدییەكەی ئەمجارەیان ساردیان بكەنەوە.

وتیشی، “وانەبێژان ئەم جارە جدین لەسەر داواكارییەكانیان و بڕیاریان داوە بایكۆت بكەن، ئەگەر ئەم توێژە بایكۆت بكەن، كە نزیكەی 20% پەروەردە پێكدەهێنن و 21 هەزار وانەبێژن، كەرتی پەروەردە توشی شكت دەبێت، بۆیە ئەم ڕاگەیەنراوە بۆ ساردكردنەوەی فشارەكانی وانەبێژانە”.

ڕاشگەیاند، داواكاری ئەوان ڕوونە و داوای دامەزراندن دەكەن یان بە گرێبەست یان هەمیشەیی، ئیتر پێویست بە كۆبوونەوە لەپێناو كۆبوونەوە ناكات، ئەوەندەی من لەگەڵیانم جدین لەسەر فشارەكانیان و ئەمجارە سەرتاسەری هەرێمە، بۆیە دەبێت حكومەت و وەزارەتی پەروەردە ئەمە بەجدی وەربگرێت.

ئاشكراشیكرد، ساڵی پار هەمان كێشەیان هەبووە، وەزیری پەروەردەیان بینی و بەڵێنی پێدان كێشەكەیان چارەسەر بكرێت، بەڵام بەهۆی كەمی دەوامی ساڵی پار بایكۆتیان نەكرد بەو وادەی ئەمساڵ كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەوە نیوەی مانگی 10 تەواو بوو هێشتا كەس قسەی لەگەڵ نەكردوون.

سەرچنار ئەحمەد وتیشی، “من دەڵێم وانەبێژان سووربن لەسەر فشارەكانیان ئێمەش لەگەڵیان دەبین لە شەقام و لە پەڕلەمانیش لەگەڵیان دەبین، هەرچەندە لەمانگی 2ی ساڵی پارەوە بە كۆكردنەوەی 32 واژۆ داوای چارەسەر كێشەكەیان كراوە هێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە”.