سەردێر

پەتا؛ بڵاوەكەی ناو منداڵان و نیشانە و چارەسەرەكانی

خەڵك-
ئێستا زۆربەی ئەو نەخۆشانەی ئەیانبینین ئەم پەتایەیان گرتووە (كۆكە، پەسیو، تا) زۆربەی دایك و باوكەكانیش ئەڵێن دكتۆرە ٢ رۆژ چاك ئەبێت و بۆی ئەگەڕێتەوە.

د.گەوھەر سەمەد، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ئاماژەی بەوەكردووە، ھۆكاری ئەم پەتایە ڤایرۆسە لەلایەكەوە دڵمان خۆشە كە ڤایرۆسە، چونكە وەكو بەكتریا مەترسیدار نیە لەلایەكی تریشەوە لێی بێزار ئەبین چونكە چاكبوونی كاتێكی زۆری ئەوێت و زووش سەرھەڵئەداتەوە، بە زۆری بە ٣ ڕۆژ بۆ ھەفتەیەك چاك ئەبن و ھەندێ جار دوو ھەفتەی پێ ئەچێت و لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ئەگوازرێتەوە ھەر بۆیە ھەموو خێزانەكە ئەیگرن و زۆر بڵاوە.

وەك ئەو پزیشكە دەڵێت: “نیشانەكانی بریتین لە كۆكە و ھەڵامەت و تا، بێتاقەتی و كەمی ئیشتیھای خواردن و كەمخەوی و ھەندێجار ڕشانەوە”.

سەبارەت بە چارەسەرەكان، د. گەوهەر ڕوونی كردۆتەوە، ئەگەر بڵێین زۆربەیان پێویستیان بەچارەسەر نیە و خۆیان چاك ئەبنەوە كاتێك ڤایرۆسەكە ماوەی خۆی تەواو ئەكات ئەوا كەستان بڕوامان پێناكەن و ئەیبەنە لای دكتۆرێكی تر، نەخۆشی وام دیوە لە ھەفتەكە ٣ جار علاجی وەرگرتووە لای یاریدەدەری پزیشك و پزیشك و یەك عەلاگەی گەورە علاجی پێیە و ناچار ھەر لەعلاجەكانی خۆی یەك دوو دانەی بۆ ھەڵئەبژێرین، چونكە ھەموو شتێكی ھەیە مەجالی ئەوە نەماوە من شتی تری بۆ بنووسم.

ئەو پزیشكەی نەخۆشییەكانی منداڵان دەڵێت: بۆ چارەسەر منداڵ پێویستی بەمانەی خوارەوە ھەیە:
١- پشوودانی تەواو: مەینێرە بۆ باخچەی ساوایان و قوتابخانە، مەھێڵە خۆی ماندوو بكات و ڕاكە ڕاكەی زۆر بكات، ھەوڵ بدە كاتێكی زۆر بخەوێت (ئەم پشوودانە لەھەموو چارەسەركان باشترە تەنانەت بۆ گەورەكانیش كاتێك ئەم پەتایە ئەگرن).
٢- شلەمەنی زۆر بخوات و بۆ ئەوەی توشی وشكبوونەوە نەبێت، چونكە (شكبوون) كۆكە زۆرتر ئەكات و منداڵ حەزی خواردنی نامێنێت، بۆیە بۆ خواردن زۆریان لێ مەكەن تەنھا شلەمەنی ئەگەر بتوانێت بەسە.
٣- باراسیتۆڵ وەربگرێت ئەگەر تای ھەبوو یان منداڵەكە ئەگریا و ناڕەحەت بوو.
٤- جیھازی تەبخیر ئەتوانی بیكڕی و لەماڵەوە بەكاری بێنی زۆر بەسوودە و زیانی لاوەكی نیە.
٥- بۆ پەسیو (هەڵامەت) باشترین چارەسەر قەترەی ئاو و خوێ لەگەڵ پەمپی لوت باشترین چارەسەرە ئەتوانی ڕۆژانە چەند جارێك دووبارەی بكەیتەوە
٦- دەرمانی دژە بەكتریا (ئەنتی بایوتیك) بێ پرسی پزیشك بەكارمەھێنە.
٧- بەزووترین كات سەردانی پزیشك بكە ئەگەر منداڵەكەت یەك لەم نیشانانەی هەبوو وەك (تایەكی بەرز لە سەرووی ٣٨،٥ بوو، تەمەنی كەمتر بوو لە ٦ مانگ، منداڵەكەت تەنگەنەفەس بوو یان ڕشانەوەی ھەبوو”.