سەردێر

فەرمانبەران بانگەوازی خۆپیشاندان و بایكۆت ڕادەگەیەنن

خەڵك-

گرووپی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان بانگەوازی خۆپیشاندان و بایكۆتی سەرتاسەری ڕادەگەیەنێت بۆ فشاركردن لە حكومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنیان بە هەمیشەیی و پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت: “ئەنجوومەنی وەزیران پێشێلی یاسا دەكات”.

پاش نزیكەی مانگێك لە خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و پەروەردە و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوە و “بڕیاری چارەسەری كێشەكەیان درا بە میكانیزمی نوێ‌ و گونجاو”.

فەرمانبەرانی گرێبەست لە بەیاننامەیەكدا بانگەوازی “خۆپیشاندان و بایكۆت لە فەرمانگەكان دەكەن تاوەكو حكومەتی هەرێم زیاتر دەستی بەدەستییان پێ‌ نەكات و بڕیار بدات بە هەمیشەیی دابمەزرێن بەپێیی ڕێنماییە داراییەكان”.

ڕاشیانگەیاندووە، بە پێی‌ هەردوو ڕێنمایی‌ دارایی‌، ژمارە (٤٢) لە (١٦ی‌ ١٢ی‌ ٢٠١٢)، ژمارە (٣٩) لە (١٣ی‌ ١١ی‌ ٢٠١٣)، فەرمانبەرانی‌ گرێبەست مافی‌ خۆیانە پاش 3 ساڵ لە خزمەت ڕاژەكانیان بكرێتە هەمیشەیی‌

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، یاداشتێكی سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست داوەتە سەرك وەزیرانی هەرێم و وتیشی، “بە پێی‌ هەردوو ڕێنمایی‌ دارایی‌، ژمارە (٤٢) لە (١٦ی‌ ١٢ی‌ ٢٠١٢)، ژمارە (٣٩) لە (١٣ی‌ ١١ی‌ ٢٠١٣)، فەرمانبەرانی‌ گرێبەست مافی‌ خۆیانە پاش 3 ساڵ لە خزمەت ڕاژەكانیان بكرێتە هەمیشەیی‌، بەڵام زیاتر لە 8 ساڵە ئەو مافەیان لێ زەوتكراوە”.

ڕاشیگەیاند، زۆرینەی‌ زۆری‌ فەرمانبەرانی‌ گرێبەست زیاتر لە 8 ساڵ و تەنانەت هەیانە (١٥) ساڵە چاوەرێیە، بەجۆرێك كە فەرمانبەر هەیە پاش 10 ساڵ لە خزمەت كۆچی‌ دوایی‌ كردووە، بەڵام نە حكومەت خانەنشینی‌ بۆ دەكات، نە لەسەر صندوقی‌ خانەنشینی‌ كەرتی‌ تایبەتیش ماڵ و منداڵەكەی‌ بە مافەكانی‌ گەیشتوون! ئەمە پێشێلێكی زەقی هەموو یاساكان بنەماكانی مافی مرۆڤ و تەنانەت كرێكارانیشە.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە و تا ئێستا نەكراونەتە هەمیشەیی، لەكاتێكدا ساڵی ڕابردوو سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست كرانە هەمیشەیی.