سەردێر

كاتی دابەشكردنی نەوت و هەرزان بوونی بەنزین و غاز ئاشكراكرا

خەڵك-
پارێزگاری سلێمانی هۆكاری كەمبوونەوەی غازی شلی ماڵان ئاشكرادەكات و دەشڵێت: “دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەین”.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كەشوهەوا بەرەو سەرما دەڕوات و حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی پێشووی خۆیدا بڕیاریداوە نەوت بە هاووڵاتیان بدات و بۆ ئەوەش لەگەڵ حكومەتی عێراق گفتوگۆ دەكات، چونكە لە ناوخۆی هەرێم نەوت ناپاڵێورێت.

ڕاشیگەیاند، حكومەتی عێراق ساڵانە لە 1ی تشرینی یەكەمەوە نەوت بۆ هەرێم ڕەوانە دەكات و لە ئێستادا بڕی ملیۆن و نیوێك لیتر نەوتی بۆ ناردووین و بەم زووانە دەست بە دابەشكردنی دەكەین، چونكە چاوەڕێ‌ بووین بڕەكەی زۆر ببێت.

ئاشكراشی كرد، هۆكاری كەمبوونەوەی غاز دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نۆژەنكردنەوە و چاكسازییەی لە وێستگەی كۆرمۆر دەكرێت و بەهیواین زۆر بەزوویی تەواو ببێت و بڕی غاز زیاتر ببێتەوە، هەرچەندە لە سلێمانی نەمانهێشتووە زۆر كاریگەری هەبێت لەسەر هاووڵاتیان.

سەبارەت بە بەنزین جەختیشی كردەوە، بەنزین بەشێوەی بازرگانی لە هەرێم هەیە و لە سلێمانی هەمیشە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی تری هەرێم نرخ كەمتر بووە و چاودێری كوالێتییەكەیمان كردووە، لە ماوەی ڕابردووشدا بەنزینی عێراقی كاریگەری باشی هەبوو، هەروەها هەموو كارئاسانییەكمان بۆ بازرگانەكان كردووە تاوەكو بەنزین بهێنن و نرخەكەی كۆنتڕۆڵ بكرێت.