سەردێر

هاوشێوەی عێراق، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێم ئەنجام دەدرێت؟

خەڵك-

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاكو ئێستا هیچ نووسراوێكمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەدەست نەگەیشتووە.

لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا و ژمارەیەك لە لایەنەكانی هەرێمیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن دۆخی هاوووڵاتیان خراپە و پێویست دەكات هەڵبژاردنی پێشەختە لە هەرێم ئەنجام بدرێت، نێچیرڤان بارزان،ی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ كێشەیەكمان نییە و هەڵبژارنەكانیش لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ لایەنێك بە فەرمی پێی نەوتووین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئێستاش لایەنەكان سەرقاڵی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراقن.

وتیشی، ” لە بەرواری 30-9-2018 هەڵبژاردنمان ئەنجامدا لە هەرێم، بەپێی ئەو بەروارە بێت تا 2022 دەكاتە چوار ساڵ، بەپێی ئەو بەروارەش دەبێت 6 مانگ كۆمسیۆن ئاگادار بكەن بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن، بەڵام تاكو ئێستا هیچ لایەنێكی فەرمی هیچ نووسراوێكی ئاڕاستەی كۆمسیۆن نەكردووە”.

سەبارەت بە دەستكەوتنی ئامێری پێشكەوتوو بۆ هەڵبژاردنەكان، ناوبراو ئاشكرایكرد، بەدڵنیاییەوە ئەركی ئەنجوومەنی كۆمسیارانە بەپێی یاسای ژمارە 4 كە ئەنجومەنەكە پێویستە نوێترین ئامێری پێشكەوتوو بەكاربهێنێت بۆ ڕێگریكردن لە ساختەكاری، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەین بزانین متمانەی حزبەكان بەدەست دەهێنێت، هەروەها بزانین ساختەكاری تا چەندە و دواتر قسەی خۆمان دەبێت، كە بە چ شێوازێك هەڵبژاردنەكان بكرێت و بیر لە هەمو شێوازێكی نوێ دەكەینەوە.

سەبارت بە پێدانی ئامێر و كەرەستەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراق ناوبراو ڕایگەیاند، لە عێراق حكومەتی فیدڕاڵە و لەژێر یەك چەترین، ئاساییە شتێكی لەو بابەتە بێت، بەڵام دەبێت دوای لێكۆڵێنەوە بێت، كە خۆمان قەناعەتمان پێی بێت و متمانە هەبێت كە ساختەكاری تێدا نەكرێت و تاكو چەند متمانەیان هەیە و بەكارهێنانی ئەلیكترۆنیش مەترسی خۆیان هەیە ئەگەر شتێكی باش بوو دەتوانین داوای بكەین یان خۆمان بیر لە بابەتێكی لەو شێوەیە بكەینەوە.