سەردێر

كۆمسیۆن، لەسەر ئەو كاندیدە دەرچووەی كۆچی دواییكردبوو ڕوونكردنەوەدەدات

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتەسیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەوكاتەوەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنە پێش وەختییەكەی پەڕلەمانی عێراق ڕاگەیەنراوە 375 تانە لەو ئەنجامانە دراوە.

هیمان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەو تانانە هی لایەنی عێراقین، بە شیعە و سوننە و كورد و تەنانەت كاندیدی سەربەخۆش.

وتیشی”لایەنەكان بەپێی یاسا لایەنەكان دەتوانن لەڕۆژی هەڵبژاردن سكاڵا تۆمار بكەن، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانیش دەتوانن تانە لەو ئەنجامانە بدەن”.

ئاشكراشیكرد، لە ڕۆژی هەڵبژاردنەكاندا 58 سكاڵا تۆماركراوە، ئەو سكاڵایانەش پۆلێن دەكرێن بۆ ڕەنگەكانی (زەرد، سەوز، هەروەها سوور) ئەوەی كاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕینی ئەنجامە بەراییەكان سوورەكانن، بەو مەرجەی بە بەڵگەوە بسەلمێنرێت پێشێلكاری ئەنجامدراوە، هێشتا دیار نیە‌و لە قۆناغی پۆلێن كردنداین ژمارەیان چەندە كە چوونەتە ڕەنگی سوورەوە.

جەختی لەوەش كردەوە، تانەكانیش لە لایەن دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەكان دوا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەو دەستەیە بڕیاری هەرچی بێت دەبێت هەمووان پێوەی پابەند بن، ئەگەر ئەنجامەكەی ڕەتكردەوە هی وێستگەیەك بەو شێوە دەبێت.

هیمان تەحسین بەگ ڕوونیشیكردەوە، هۆكاری بوونی ناوی ئەو كاندیدە كۆچكردووە بۆ چاپی پێشوەختەی فۆڕمی دەنگدان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، پێشتریش باسمان كردووە لەگەڵ كۆمپانیای كۆری و ئەڵمانی بۆ چاپكردنی فۆڕمی دەنگدان دوای چاپكردن و جێگیركردنی ناوی هەموو كاندید و لایەنەكان لەسەر ئەو فۆڕمە سڕینەوەی مەحاڵە، نەدەتوانرا چاك بكرێت ئەو كاندیدە مردبێت یاخود كشابێتەوە بۆیە ئەوە هۆكاری مانەوەی ناوی ئەو كاندیدەیە لەسەر فۆڕمی دەنگدان.