سەردێر

هینداوی: پاشنیوەڕۆی سبەینێ‌ ئەنجامی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت

خەڵك

ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 15-10-2021 ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕادەگەیەنرێت.
حسێن هینداوی، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن ڕایگەیاند، “ئەنجامی كۆتایی جیاواز نابێت لە ئەنجامە سەرەتاییەكان و كۆمسیۆن ئێستا كار لەسەر جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی سندوقەكانی دەنگدان دەكات كە كێشە و گومانیان لەسەرە؛ بە بڕوای من، تەنیا چەند ژمارەیەكی سادە دەگۆڕێن و لە كۆتاییدا هیچ سوپرایزێك لەبارەی ئەنجامەكانەوە ڕوونادات”.

حسێن هینداوی، كە سەرۆكایەتیی یەكەم كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی لە عیراق لە ساڵی 2005 كردووە، ڕەتیكردەوە هیچ ساختەكارییەك لە هەڵبژاردن هەبووبێت و دەڵێت، لەم هەڵبژاردنەدا ئامێری زۆر پێشكەوتوو بەكارهێنران، ئامادەكارییەكانیش بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو “زۆر باش و جیاواز بوون”.

ڕاوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەبارەت بە تانە و سكاڵاكان ڕایگەیاند، “پرسی تانە و سكاڵاكان شتێكی ئاساییە و لە هەموو هەڵبژاردنێكدا ڕوودەدات، بەتایبەت لەلایەن ئەو لایەنانەی پێیانوایە كورسییان لە خوولی داهاتووی پەرلەمانی عیراق لەدەستداوە، بەڵام كۆمسیۆن سوورە لەسەر پابەندبوون بە لایەنی بێگەردی و لە بەرژەوەندییدا نییە كە لایەنگیری بۆ هیچ لایەنێك بكات، هەروەها ئێمە لە سەرەتاوە هەوڵی سەرخستنی هەڵبژاردنەكانمان داوە”.

حسێن هنداوی وتیشی، “سبەینێ هەینی هەموو ئەنجامی كۆتایی ڕادەگەیەنرێت و دوای پەسندكردنی، بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەنێردرێت”.