سەردێر

ناوچەیەكی یۆنان، هاوین ئاگركەوتنەوە و ئێستاش لافاو وێرانی دەكەن

داوا لە دانیشتوانەكەی دەكرێت چۆڵی بكەن

خەڵك-
دەسەڵاتداران لە دوورگەی ئیڤیای یۆنانی ڕایدەگەیەنن، زۆرێك لەو ناوچانەی لە هاوینی ڕابردوودا ئاگركەوتنەوە وێرانی كردوون، لەئێستادا چۆڵكراون، ئەمەش دوای دووەم لافاو لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا كە ناوچەكەی گرتەوە.


دەیان كەس لە ماڵەكانی خۆیان لە باكووری دوورگەی ئیڤیا گوازرانەوە، و ناچاربوون لەگەڵ هاوڕێكانیان یان لە ژووری ئوتێلەكاندا بمێننەوە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیقلیمی بۆیان گیراوە.

باكووری ئیڤیا كە نزیكەی 120 كیلۆمەتر لە باكووری خۆرهەڵاتی ئەسیناوە دوورە، لە هاوینی ڕابردوودا ئاگركەوتنەوە وێرانی كرد، ئەمەش وایكردووە زیاتر ڕووبەڕووی لافاوە لەناكاوەكان ببێتەوە.

لافاو پایتەختی یۆنان و چەند بەشێكی تری لە باشووری وڵاتەكە گرتەو، كە بووە مایەی تێكچوونی جوڵەی هاتووچۆ و داخستنی هەندێك لە ڕێگەوبانەكان.

حكومەت بە هەردوو زمانی یۆنانی و ئینگلیزی لەڕێی مۆبایلەوە ئاگاداریی بۆ دانیشتوانی ناوچە زیانلێكەوتووەكان ناردووە، و هاووڵاتیانی هانداوە خۆیان لە هاتووچۆی ناپێویست بەدووربگرن و دووربكەونەوە لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی لافاو بوونەتەوە.