سەردێر

مالیكی هاوپەیمانییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، پێكهێنانی هاوپەیمانییەك ڕادەگەیەنێت كە 85 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، عالیە نوسەیف سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند،” هاوپەیمانییەكی نوێ‌ پێكدەهێنن كە لە هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و چەند حزب و لایەنێكی تر پێكدێت، ئەمەش وایان لێدەكات بگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی دانوستان لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌”.

بە وتەی نوسەیف،”پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بە ڕێكەوتنی سیاسی و هاوشێوەی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشوو دەبێت، بەبێ‌ ئەو ڕێكەوتنەش ئەستەمە حكومەت پێكبهێنرێت، ڕێكەوتنەكەش لەكاتی خۆیدا ڕەوشەكە كۆنترۆڵ دەكات”.

لەئێستادا لایەنەكان گوشار دەخەنە سەر ڕەوتی سەدر كە بەپێی ئەنجامی سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن زیاتر لە 70 كورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هاوپەیمانی فەتح ئەو ئەنجامانە ڕەتدەكاتەوە و پێیوایە كاركردن بە ئەنجامەكە ئاشتی نێوخۆیی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، ئەمەش مەترسی دروستبوونی ململانێی نێو شیعەكانی هێنایەوە ئارا كە وەك هەوڵێكە بۆ ڕێگرتن لێی كە دەیەوێت حكومەت لە سەدرییەكان پێكبهێنێت.