سەردێر

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی: ڕەنگە شەڕ و كوشتار لە عیراقدا دروست ببێت

خەڵك-
ڕابەری تەریقەتی كەسنەزانی لە جیهان باس لە هەڵبژاردنەكەی یەك شەممەی ڕابردووی عیراق دەكات و پێیوایە “دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕەنگە ببێتە مایەی شەڕو كوشتار”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن شێخ نەهرۆ كەسنەزانی بڵاوكرایەوە ڕێژەی زۆری بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، هەڵبژاردن دەخاتە ژێر مەترسی لەدەستدانی شەرعیەت و ناڕزایی دەربڕین لەئاستی هەڵبژاردنەكان و رازی نەبوون بە ئەنجامەكانی، ئەوەش وادەكات رەنگە هەندێك كەس دانی پێادا نەنێن، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەو مەترسییانەی دواتر دێنە پێشەوە”.

هەر لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە”دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان خوانەخواستە ڕەنگە ببێتە مایەی هەڕەشەو ناڕەزایی‌و پشێویی‌و توندوتیژیی‌و شەڕو كوشتار، بەمجۆرەش دەگەڕێینەوە گۆشەی وێرانكاریی‌و لەناوچون‌و جیابونەوە”.

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لە جیهان داوای لە زانایان و بیرمەندانی گەلی عێراق كردووە، هەوڵەكانیان بۆ ڕێگرتن لە كەوتنەوەی ئاگری فیتنە بخەنەگەڕ.