سەردێر

(خەڵك)مەرجێكی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق ئاشكرا دەكات

خەڵك-

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دۆخی ئێستای كەركوك قبوڵ ناكەین.
لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر دۆخی سەربازی بەسەر كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان سەپێنراوەو دوای پێنج ساڵ تاكو ئێستا هەرێم و ناوەند نەیانتوانیوە بگەنە ڕێكەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، هاوكات لەدوای هەڵبژاردنەكانیش بەهۆی ئاهەنگێڕان و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە كەركوك هێزەكانی سەر بە عێراق هێرشیان كردەسەر گەڕەكە كوردنشینەكان و زیاتر لە 70 گەنجیان دەستگیر كرد.

عەدنان كەركوكی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە هەوڵداین لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەوە دۆخی كەركوك ئاسایی بكەینەوە بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو شارە پشوو بدەن، بتوانن كارەكانی خۆیان بكەن، چونكە ئەو دۆخەی زاڵە بەسەر كەركوك قابیلی قبوڵ نییە.
وتیشی”دوو نوێنەرمان دەبێت لە پەڕلەمانی عێراق و كارەكانمان ئاسانتر دەكات و لیستی پارتی و نوێنەرەكانمان دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵ بدەین بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك”.

جەختی لەوەش كردەوە، مەرجی ئێمە لەگەڵ هەر كوتلەیەك بۆ پێكهێنانی حكومەت ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكی تێدایە.

ڕوونیشیكردەوە، دوای هەڵبژاردنەكان، پەیامێكی زۆر گەیشتووە بە پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێمەش كۆمەڵێك مەرجی خۆمان هەیە لە دانوستانەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانە بگەینە ڕێكەوتنێك یەكێك لە مەرجەكانمان ناوچەكێشەلەسەرەكان دەبێت و تەنها كەركوك نییە، بۆیە ئەوە بابەتێكی ستراتیژیی و ناوەندییە بەنسبەت پارتییەوە.