سەردێر

یەكگرتوو، لەسەر لەدەستدانی كورسییەكەی دهۆك ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی كورسییەكانمان كەمینەكردووە و ئەو دەنگۆیانەی هەیە جەنگی دەرونییە دژی یەكگرتوو.

محەمەد ئەحمەد بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەوە ڕاست نیە ئێمە كورسییەكمان لەدەستدا بێت، ئەوە هەمووی جەنگی دەرونی و چەواشەكارییە زیاتر لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس دەكرێت، چونكە هێشتا زۆری ماوە ئەنجامە كۆتاییەكان.
وتیشی”ئەوەی ڕادەگەیەنرێت ڕاگەیاندنی نافەرمی و جوزئیە لە كۆمسیۆنەوە، ئێمە دڵنیاین لە كورسییەكانی خۆمان”.

ئاشكراشیكرد، ڕاستە هەوڵی گۆڕانكاری هەیە بۆ تێكدانی نەزاهەتی هەڵبژاردن، بەڵام بڕوا ناكەم بەوشێوەیە بێت كە لەڕاگەیاندنەكانەوە باس دەكرێت و پشت بەخوا و بەهەوڵی هەموولایەك ڕێگە نادەین ئەو هەوڵانە سەر بگرێت، ئێمە بەپێی ئەو دەنگ و داتایانەی هەمانە بەڵێ چوار كورسیمان هەیە.

ڕوونیشیكردەوە، لەسەر ئاستی بەغدا‌و هەرێم لە هەوڵ و پەیوەندیداین، بۆ ئەوەی پاك و بێگەردی پڕۆسەی هەڵبژاردن بپارێزرێت كە لەسەرەتاوە بەوجۆرە بوو، هەموو ڕێگایەكی یاسایی و شارستانی‌و سیاسیش دەگرینەبەر بۆ پاراستنی دەنگەكانمان، بێدەنگ نابین لە یەك دەنگ هەموو داتاكانمان كۆكردووەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و سیاسی و شارستانی.