سەردێر

بافڵ تاڵەبانی لە ژووورەكەی نەوشیروان مستەفا بەڵێنێك بە گۆڕان دەدات

خەڵك-

شاندێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی هاوسەرۆكی حزبەكە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد و لەگەڵ ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە و شاندێكی ئەو بزووتنەوەیە كۆبووەوە و بەڵێنی كاركردنی پێكەوەیی دەدات و دەشڵێت: “خەونی كاك نەوشیراون و سەرۆك مام جەلال جێبەجێ بكەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی”.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، لەو سەردانەدا لەلایەن عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەك ھەڵسوڕاو پێشوازیكران و لەدانیشتنێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی دەرئەنجامەكانی ھەڵبژاردن و پەیوەندییەكانی یەكێتی و گۆڕان و خۆئامادەكردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەكان.

بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەكەدا ڕوونیكردەوە، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریكی راستەقینەی خۆی دەزانێت و وەك ھاوبەشێكی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێكەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داكۆكی لەمافەكانی گەلەكەمان بكەین و وتیشی، “دەمانەوێت پێكەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێكی نوێوە كاربكەین بۆ كوردستانەكەمان”.

ھاوسەرۆك ڕاشیگەیاند، ئەو كورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەكێتی بوو، كە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابین بكەین.

بافڵ تاڵەبانی ڕوونیكردەوە، لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەوراز و نشێودا دەڕوات، بەڵام گرنگ ئەوەیە یەكێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی كوردستان بەرەو پڕۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی كاك نەوشیراون و سەرۆك مام جەلال جێبەجێ بكەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و پڕۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاكسازی و زیاتر خزمەتكردنی خەڵك و گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان، گلەیی و ڕەخنەكانی كۆمەڵانی خەڵكیش بەھەند وەربگرین و بیكەینە دەستمایەی سەركەوتنی داھاتوومان.

ھاوسەرۆكی یەكێتی جەختیشی كردەوە،” لەگەڵ براكانیان لە گۆڕان پێكەوە دەمێننەوە و كار بۆ ئایندەیەكی گەشتر دەكەن”.