سەردێر

كارمەندانی پۆلیس پاداشت كران و فەرمانبەرانیش چاوەڕێی كازمی و بارزانی دەكەن

خەڵك-
بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێراقەوە هێزەكانی پۆلیس لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمەوە سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستە كرا و لە ئێستاشدا فەرمانبەران چاوەڕێی سوپاس و پێزانینی هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم دەكەن.

بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئەو فەرمانبەرانەی دەبنە كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان جگە لە پێدانی بڕی 150 هەزار دینار پاداشت لەلایەن مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانەوە سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستە دەكرێت، كە ئەوەش كاریگەری لەسەر پێشخستنی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەیان دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، هەر بڕیارێك لە حكومەتی عێراقییەوە دەربچێت و فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتەوە، دەبێت سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاری نوێی پێ‌ دەربكات و گشتاندنی پێ‌ بكات.

بەپێی نووسراوێكی پۆلیسی هەرێم، كە واژۆی بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی لەسەرە، سووپاس و پێزانینی پێشكەش بە گشت ئەفسەر و كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی كرد لە بەرامبەر سەرخستنی پڕۆسەی هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كەوا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كەشێكی ئارام و بەبێ كێشە و كەموكوری لەڕێكەوتی ( ١٠/٨ و١٠/١٠/ ٢٠٢١ ) بۆ دەنگدەرانی تایبەتی و گشتییان ڕێكخست.

بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی، كە لە عێراق و هەرێم كاری پێدەكرێت، پێدانی سوپاس و پێزانین بە فەرمانبەر دەبێتە هۆی پێشخستنی بۆ ماوەی یەك مانگ.