سەردێر

كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان دەستیپێكرد

سلێمانی – نزار جەزا
ئەمڕۆ چوار شەممە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەمەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە دەستپێكرد.

لەسەر بنەمای بەیاننامەكەی خانەی ڕاپەڕاندن، كە داوای لێبووردنی لە دەنگدەران كرد و جەختی لەچاكسازی ڕیشەیی كردەوە، ئەم كۆبوونەوەیە ئەنجامدەدرێت.

پاش شكستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، كە هیچ كورسییەكی پەڕلەمانی عیراقیان نەبردەوە، دوێنێ جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە و گفتگۆیان لەسەر هۆكار و چارەسەر و هەنگاوی دواتریان كرد.

بەپێی زانیارییەكان، تاكو ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی كشانەوەی بزووتنەوەكە لەحكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێییەكان یان هەڵوەشانەوەی جڤاتەكان و خانەی ڕاپەڕاندن یان دەستلەكاركێشانەوەی ڕێكخەری گشتی نەدراوە.

لەكۆبوونەوەكەی جڤاتی گشتیدا ڕاسپاردەكان لەبارەی هۆكارەكانی شكست و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانیان و هەنگاوی داهاتوویان ئامادەكراون و پێشكەش بە جڤاتی نیشتیمانیی كراون.

نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەم كۆبوونەوەیەدا ڕاسپاردەكانی جڤاتی گشتی تاووتوێ دەكەن.

باسی لەئەوەشكرد، دواتر بڕیاری پێویست هەرچیەكبێت ڕایدەگەیەنن.

پاش شكستەكە، خانەی ڕاپەڕاندن داوای لێبووردنیان كرد و جەختیان لەئەنجامدانی چاكسازی لەنێوخۆی بزووتنەوەكە كردەوە، لەچوارچێوەی ئەم بڕیارەیاندا كۆبوونەوەی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی ئەنجامدەدرێن.

ئەمە لەكاتێكدایە بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی نیشتیمانیی عیراقدا هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا، ئەمەش شكستێكبوو ڕووبەڕووی ئەم بزووتنەوەیە بووەوە.