سەردێر

جارێكی دیكە نرخی بەنزین گران كرا

خەڵك-
خاوەنی بەنزینخانەیەك باس لەگرانبوونی نرخی بەنزین دەكات و جەختدەكاتەوە، لەچەند ڕۆژی ئایندەدا نرخی لیترێك بەنزین زیاتر لە 50 دیناری دیكەی دەچێتەسەر.

سەرباز عەلی بەگ، خاوەنی بەنزینخانەی خالید بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەشێوەیەكی گشتی ئێستا نرخی لیترێك بەنزینی نۆڕماڵ بە 825 دینارە و محەسەن 925 دینارە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا نرخەكان بەرزتردەبنەوە و 25 دینار یان 50 دیناری دیكەی دەچێتەسەر، بۆ داهاتووش گەر چارەسەر نەكرێت بەرزتریش دەبێتەوە.

باسی لەئەوەشكرد، هۆكاری ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ كەمی بەنزین و گرانبوونی نەوتی ڕەش لەجیهاندا.

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەنزینی هەرێم بازرگانییە و لەئێرانەوە دێت، كاتێك لەجیهاندا نرخی نەوتی ڕەش بەرزدەبێتەوە كاریگەری لەسەر بەنزینەكەش دەبێت.

ئەوەشی باسكرد، ئێران گرێبەستی لەگەڵ چەند وڵاتێك كردووە، بۆیە ئێرانیش كەمتر بەنزین بۆ هەرێم دەنێرێت.

جەختیشی كردەوە، ئەگەر پاڵاوتگەی كار و بازیان بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەم جۆرە نرخ بەرزنابێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، لە بەشێكی بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ هەر جۆرێكی 25 دیناری تری چۆتەسەر و نرخی یەك لیتر نۆرماڵ بووە بە 850 دینار و موحەسەن 950 دینار و سووپەر 1000 دینار.