سەردێر

ژنان دەبنە خاوەنی نزیكەی 100 كورسی پەرلەمانی عیراق

خەڵك-
ئاملرێكی ئەمیندارێتی گشتی سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراق دەریدەخات كە 97 ژن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمجاردا سەركەوتووبوون.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن فەرمانگەی پێگەیاندنی ژنان لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” فەرمانگەی پێگەیاندنی ژنانی عیراق لە ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە ژنە كاندیدە براوەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 2021 دەكات و سەركەوتن و گەیشتنیان بە پەرلەمان بە هەنگاوێكی پێویست بۆ بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی دادەنێت، بە تایبەت كە براوەكان نوێنەرایەتی دەنگی ژنان دەكەن لە گوزارشت لە خواست و ویستیان”.

لە بەیاننامەكەدا یوسرا كەریم موحسین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەكە دەڵێت”سەركەوتنی كۆمەڵێك ژن لە گەیشتن بە پەرلەمانی نوێ‌، بەرهەمێكی سروشتی هەوڵی ئەو ژنانەیە كە بوێری و ئازایەتییان نواند بۆ بەشدارییەكی كاریگەر، ئەزمونی ئەمڕۆیان سەركەوتنە بۆ ژنانی عیراق و مایەی شانازیی هەموانە”.

بە وتەی یوسرا موحسین”بەپێی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن، ژنان توانییان 97 كورسی ببنەوە بە 14 كورسی كۆتا كە بۆ ژنان تەرخان دەكرێت، لەگەڵ دوو ژنی تر لە كەمینەكان، لەم نێوەندەشدا دەركەوتووە كە 57 ژن بە هێزی دەنگی خۆیان بەبێ‌ ئەوەی پێویست بە كۆتا بكات، سەركەوتوو بوون”.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی پێگەیاندنی ژنان دەڵێت”پەیامی ڕاستەقینەی ژنان بە چوونە پەرلەمانەوە ناوەستێت، بەڵكو پێویستە لەسەر هەموو ژنان هەوڵەكانیان درێژەپێبدەن بۆ بەشداریی لە هەموو قۆناغە جیاجیاكانی پرۆسەی سیاسی و ناوەندی بڕیاردان، و بایەخدان بە پرسی ژنان و یاساكان كە دەكرێت ببنە مایەی زامنكردنی مافەكانی و پتەوكردنی پێگەی ژنان لەنێو كۆمەڵگە”.