سەردێر

ئەگوێرۆ و دیمبلی گەڕانەوە

بەرشەلۆنە خۆی كۆدەكاتەوە

خەڵك-
هێڵی هێرشبەری بەرشەلۆنە تین و گوڕێكی تر بەخۆوە دەبینێت، لە دوای گەڕانەوەی هەریەك لە سێرگیۆ ئەگوێرۆ و عوسمان دیمبلی بۆ ماشق و ڕاهێنانەكانی تیپەكە، لە دوای ماوەیەكی زۆر لە یارینەكردنیان بەهۆی پێكانەوە.

دیمبلی فەرەنسى، بۆیەكەمجارە لە حوزەیرانی ڕابردووەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەكان، پاش ئەوەی ئەژنۆی ڕاستی لە یاریی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە پاڵەوانێتی ئەوروپا 2020، تووشی پێكان بوو.

ئەگوێرۆی ئەرجەنتینی كە بە گرێبەستێكی بێ‌ بەرانبەر هاتە ڕیزەكانی بەرشەلۆنە لە پاش بەسەربردنی دە ساڵ لە مانشستەر سیتی، بۆیەكەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەكانی یانە كەتالۆنییەكە، دوای ئەوەی لە ڕاهێنانێكدا لە مانگی ئابی ڕابردوو تووشی پێكان بوو.

بەرشەلۆنە لە یەك شەممەی داهاتوو، لە خولی پلە یەكی تۆپی پێی ئیسپانیا میوانداریی تیپی ڤالنسیا دەكات و دەیەوێت كاروانی بردنەوەكانی دەستپێبكات ، دوای ئەوەی لە شەش یاریی ڕابردوو لە هەموو پێشبڕكێكان، تەنیا لە یەك یاریدا براوەبوو.