سەردێر

ئیخوان موسلمینی عیراق: هەڵبژاردنمان نەدۆڕاند

هیچ كاندیدێكی دەرنەچووە

خەڵك-
حزبی ئیسلامی عیراقی كە باڵی ئیخوان موسلیمینە لە عیراق، بەو هۆیەی كاندیدەكانی دەنگی پێویستییان بەدەست نەهێنا و نەبووە خاوەنی كورسی لە پەرلەمانی داهاتوو، پێیوایە كاندیدەكانی لە هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن حزبەكەوە بڵاوكرایەوە”ئەو ئەنجامەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە ڕاگەیەندرا ڕاست نییە، كاندیدەكانیان هەڵبژاردنیان نەدۆڕاندووە، بەڵكو بە هەولی هاوبەشی لایەنە جیاجیاكان لە ناوەوە و دەرەوە كە پرۆژەی نیشتمانی ئیسلامیان ناوێت و نایانەوێت حزبەكەیان لە گۆڕەپانی عیراقیدا ئامادە بێت، دوورخراونەتەوە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە” بە تەواوەتی ئەنجامەكە ڕەتدەكەینەوە و پێشوەخت تەئكیدمان لەسەر ساختەكاریی كردۆتەوە كە وادەردەكەوێت بۆ مەبەستی پێكهێنانەوەى گۆڕەپانی سیاسی عیراقە لەپێناو ئامانجی دیاریكرايكراو”.

حزبی ئیسلامی عیراقی كە باڵی ئیخوانە لە عیراق، دەڵێت”زۆرێك لە وێستگەكانی هەڵبژاردن میمۆری تایبەتی خۆيان ڕادەست نەكردووە و ڕێگەش بە چاودێرانی حزب نەدراوە لە زۆربەی وێستگەكان، تا چاودێری هەڵبژاردنەكە بكەن، بۆیە دەیسەلمێنین ئەو ژمارانەی ڕاگەیاندران، ورد نیین”.