سەردێر

هەڵوێستی ئێران لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكراكرا

خەڵك-

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەڕلەمانی عێراق نامەیەكی ئاڕاستەی هاوتا عێراقیەكەی كرد و ئاشكرایكرد، ئێران پشتیوانی لەسەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات.

حسێن ئەمیر عەبدولاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەكدا، بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێراق كە ئاڕاستەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقی كردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دەخوازین سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان عێراق بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ببات.

ئاشكراشیكرد، كۆدەنگی و پێكەوەیی خەڵك و پەڕلەمانتاران و پێكهێنانی حكومەتی نوێ، عێراق بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دەبات.

وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دووپاتكردوەتەوە و جەختی لەوە كردەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیە بۆ هاوكاری هاوبەشی لەگەشەپێدان و پەرەپێدانی گشتگیری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.