سەردێر

سەدر: گوشاری نێوخۆی و دەرەكی لەسەر كۆمیسیۆن هەیە بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامەكان

خەڵك

موقتەدا سەدر لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەگەری دەستكاریكردنیان دەڵێت، گوشاری نێوخۆی و دەرەكی لەسەر كۆمیسیۆن هەیە، هۆشداریش دەدات و دەڵێت، بەوردی ئاگایان لەو دەستتێوەردانانەیە، نابێت دەستتێوەردان بكرێت و ئەوان بە وردی چاودێریی ئەو دەستتێوەردانانە دەكەن.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە، ئەم هەڵبژاردنە بە سەرپەرشتییەكی نێودەوڵەتی و عەرەبی ئەنجامدراوە و لەلایەن ئەوانەوە دانی پێدانراوە.

هەروەها دەشڵێت، “بەو پێیە نابێت دەستتێوەردان لە بڕیارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكرێت یان گوشارەكان لەسەری زیادبكرێن نە لەناوخۆوە نە لە دەرەوە و نە لەلایەن هەندێك لە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەڵبژاردن كاروبارێكی نێوخۆییە”.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر كە بەپێی ڕەوتەكە توانیویانە زۆرترین كورسیی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی 10/10/2021 بەدەست بهێنن لە جریوەكەیدا دەڵێت، “با بۆ هەمووان ڕوون بێت بەوردی چاودێریی هەموو وردەكارییە نێوخۆییە نایاساییەكان دەكەین و هەروەها دەرەكەییەكانیش كە شكۆی عیراق و سەربەخۆییەكەی دەڕووشێنێت”.