سەردێر

بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی كرد

خەڵك
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە سەرۆك كۆماری عێراقەوە پێگەیشت بەبۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەڕلەمان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هەڵبژاردنەكەی بە پرۆسەیەكی سەركەوتوو ناوبرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە 11ی ئۆكتۆبەری 2021 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پێگەیشت و لەپەیوەندییەكەدا، بە بۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەڕلەمان لە هەرێمی كوردستان و عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆكی حكومەت كرد و هەڵبژاردنی بە پرۆسەیەكی سەركەوتوو ناوبرد.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە پەیوەندییە تەلەفونیەكەدا سەرۆك كۆمار، پیرۆزبایی لە سەرۆكی حكومەت كرد بۆ ئەو ئەنجامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەستی هێناوە و هەردوو لا جەختیان لەوە كردەوە، كە پێویستە گشت لایەنەكان، هەرچی زووتر بكەونە گفتوگۆ و بە هاوكاری و هەماهەنگی كار بكەن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بخەنە خزمەت بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و سەرانسەری عێراق و خزمەتێكی شایستەی سەرجەم گەلانی عێراق بكرێت.