سەردێر

عەبدولقەدیرخان، باوکی بۆمبی ئەتۆمی پاکستان، کۆرۆنا تیرۆری کرد

خەڵک

عەبدولقەدیرخان، ئەفسانەی پاکستان و دروستکەری بۆمبە ناوەکییەکەی، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ژیانئاوایی کرد.

پاکستانیەکان عەبدولقەدیرخان بە کەسایەتییەکی نەتەوەیی گەورە دەزانن و لە ڕیزی شاعیری گەورە محەمەد ئیقبال داڕێژەری بیرۆکەی دامەزراندنی پاکستان و محەمەد عەلی جناح سەرۆکی پڕۆژەی دەوڵەتسازی پاکستان پۆلێنی دەکەن.

تەلەفزیۆنی فەڕمی پاکستان، یەکشەممە 10-10-2021 بڵاویکردەوە، کە (خان) گەورە زانای ناوەکی پاکستان لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

لەسەر دەستی خان، ئیسلام ئاباد چووە ناو یانەی وڵاتە ناوەکییەکان و وێستگەی ناوەکیی(کاهۆتا)ی وڵاتەکەی لە ماوەی شەش ساڵدا تەواوکرد، کە ئەم کارە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای وابەستە بە بواری ناوەکی دوو دەیەی دەوێت.

عەبدولقەدیرخان، 1ی نیسانی 1936، لەسەروەختی داگیرکاری بەریتانیا و پێش ئەوەی پاکستان لە هیندستان جیاببێتەوە لە شاری بەهوبالی هیندستان لە دایکبووە.

ناوبراو، لەخێزانێکی ئاینیدا گەورەکراوە، باوکی عەبدولغەفور خان مامۆستا بوو، کاتێک لەساڵی 1935 خانەنشین دەبێت، خۆی تەرخان دەکات بۆ بەخێوکردن و بایەخدان بەخێزانەکەی.

زولخا بێگومی دایکی، خانمێکی خۆپارێز و باوەڕدار بووە، هەمیشە پابەندی نوێژ و فەرزە ئاینییەکان بووە و زمانی ئوردو فارسی زانیوە، لەم بارەیەوە کاریگەری زۆری بەسەر خانەوە هەبووە تا کەسێکی ئاینی وابەستە بە نوێژ و رۆژوو فەرزەکان بێت.

خان لەگەڵ خانەوادەکەی جگە لە باوکی دوای جیا بوونەوەی پاکستان لە ساڵی 1952 هەڵدێن بۆ پاکستان.

ئەو وەک پشکنەرێکی پلە دوو لە فەرمانبەریی دەوڵەتدا لە بواری کێش و پێوانەکان کاریدەکرد، بەڵام دواتر دەستی لەکار کێشایەوە.

قەدیر خان، بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ڕوو لە ئەڵمانیا و بەلجیکا دەکات، دوو ساڵ لە زانکۆی تەکنیکی بەرلین بەسەر دەبات، پاشان هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوونێکی هۆڵەندی بەناوی  “هەنی” دەکات، کە پێشتر لە ئەڵمانیا چاوی پێی کەوتبوو.

ساڵی 1967پەیوەندی بە زانکۆی تەکنەلۆجی دێڵفت لە هۆڵەندا دەکات و  بڕوانامەی ماستەری تێدا وەرگرتووە.

دواتر لە ساڵی1972 دکتۆرای لە ئەندازیاری لە زانکۆی کاسۆلیکی لیڤینی بەلجیکا وەرگرتووە.

دوای وەرگرتنی دکتۆرا، وەک شارەزایەکی باڵای کانزایی لە کۆمپانیای ئەندازیاری هۆڵەندی FDO کاریکردووە، کە لەو کاتەدا لە نزیکەوە پەیوەندی بە رێکخراوی یۆرنکۆوەوە کردووە کە تایبەتمەند بوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

18ی ئایاری 1974 کاتێک هیندستان یەکەم بۆمبی ناوەکی خۆی تاقیدەکاتەوە خانیش لە هۆڵەندا دەست دەکات بە گەڕان بەدوای ڕێگایەک بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکەی بۆ بەدەستهێنانی توانا ناوەکییەکانی وڵاتە ڕکابەرەکەی (هیندستان).

ئابی 1974، زولفەقار عەلی بۆتۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی پاکستان، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە نامەیەک کە خان بۆی ناردووە و بیرۆکەی پڕۆژەی ناوەکی پاکستانی تێدا بۆ ڕوونکردووەتەوە تا بۆ هاوسەنگی هێز لەگەڵ هیندستان وڵاتەکەی ئەم هەوڵە بدات.

پایزی 1974، خان بەنهێنی دیزاینی سەنتەرفیوچەکانی کۆپی کرد و لیستێکی ئەو کۆمپانیایانەی کۆکردەوە کە دەتوانن تەکنەلۆجیای بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی زۆر دەوڵەمەند بۆ چەکی ناوەکی پاکستان دابین بکەن.

ساڵی 1975 بۆتۆ، عەبدولقەدیری لە هۆڵەندا بانگ کردەوە بۆ وڵات تا سەرپەرشتی بەرنامە ناوەکییەکەی پاکستان بکات.

لە ناوەڕاستی ساڵی 1975، پۆلیسی هۆڵەندی چاودێری کۆبوونەوەی نێوان خان و دیپلۆماتێکی پاکستانی کرد، کە گومان دەکرا بەدوای تەکنەلۆجیای ناوەکیدا بگەڕێن، پۆلیسی هۆڵەندی لەو کاتەدا بەڵگەی تەواویان هەبوو بۆ دەستگیرکردنی خان، بەڵام دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکومەتی هۆڵەندی و سی ئای ئەی بڕیاریان دا، لە چوارچێوەی تۆڕی قاچاخی چەکی ناوەکی پاکستان لە ژێر چاودێریدا بیپارێزن.

کانوونی یەکەمی 1975، خان و خێزانەکەی هۆڵەندا بەجێدەهێڵن بۆ پاکستان.

لە 1976، بەرنامە ئەتۆمییەکەی پاکستان، لە لایەن عەبدولقەدیرەوە دەستی پێکرد و لە(کەهۆتا)ی نزیک ڕەوالبەند، تاقیگەیەکیی توێژینەوەی بۆ دامەزرا.

سەرەتا، خان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بەریتانی و سویسری و ئەڵمانیایی پەیوەندییەکی پتەوی بناغە بۆ دانا، دوای ماوەیەکی زۆر، خان دەستیکرد بە دروستکردنی پێکهاتەکان لە کارگەکانی مالیزیا و ئەفریقای باشوور، ئەمارەتی دوبەی وەک شوێنی گواستنەوەی پێکهاتەکان بەکارهێنا.

6 ی نیسانی 1979، جیمی کارتەر سەرۆکی ئەمریکا لە هەوڵی ڕاگرتنی پێشڕەوی ناوەکیدا سزای ئابووری بەسەر پاکستاندا دەسەپێنێت و ئیدارەکەی کارتەر کاریگەری خۆی بەکارهێنا، بۆ ئەوەی بانکی جیهانی هیچ قەرزێک نەداتە ئەو وڵاتەو فشارێکی زۆریشی لەسەر فەڕەنسا و هەندێک وڵاتی تر کرد، تا هیچ پێویستییەکی ناوەکی بە ئیسلام ئاباد نەفرۆشن.

بیرۆکە بەهێزەکەی یارمەتیی خانی دا، سەرکەوتووانە پڕۆژەی بۆمبی ناوەکی پاکستان گەشە پێبدا و پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانی پەیوەست بە بواری دەوڵەمەندکردن و دروستکردنی سەنتەرفیوچەکان، یارمەتی دا لە دروستکردنی تاقیگەکانی و پەرەدان بە توێژینەوەکانی.

1986 هیندستان سەربازەکانی لە سنووری پاکستاندا بڵاوە پێکرد و هۆشداریی دایە ئیسلام ئاباد و بە توانا ناوەکییە باڵاکانی وڵاتەکەی و بەکارهێنانی هێزی سەربازی هەڕەشەی لە پاکستان کرد و لە دادگایەکی گاڵتجاڕانەدا بە دزەپێکردنی نهێنی ناوەکی وڵاتەکەی پاکستان و خانی تۆمەتبار کرد.

ئەیلولی 1986، یەکەم تاقیکردنەوەی ناوەکی ژێرزەمینی پاکستان لە نێوان 18 و 21ی ئەیلولی هەمان ساڵ ڕوویدا.

خان بە “باوکی بۆمبی ئەتۆمی ئیسلامی” ناو دەبرێت و شەقامەکانی شارەکانی پاکستان بە وێنەی ناوبراو پڕکراونەتەوە، خان بە هەوڵە خێرخوازییەکانی وەک دامەزراندنی قوتابخانە و هەڵمەت دژی نەخوێندەواری ناوبانگێکی تری بە دەستهێنا و لە دڵی پاکستانییەکاندا هەمیشە جێگیرە.

عەبدولقەدیرخان 13 مەدالیای زێڕینی لە پەیمانگا و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە وەک خەڵاتی لێهاتووی و خێرخوازی پێدراوە، لەوانە مەدالیای “مانگی بەرز و نیشانی باڵا”ی وەرگرت، کە بەرزترین مەدالیای نەتەوەییەو لەلایەن دەوڵەتی پاکستانەوە دەدرێت.

خان دوای دوای خزمەتێکی گەورە بە وڵاتەکەی پاش توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنەخۆشخانەیەکی سەربازیدا خرایە ژێر چاودێری وردی پزیشکی و دوای باشبوونی تەندروستی گەیەندرایە ماڵەوە، بەڵام لەشەوی یەکشەممە، رێکەوتی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 لەناکاو بارودۆخی تێکچوو، لەنەخۆشخانەیەکی شاری ئیسلامی ئابادی پایتەخت گیانی لەدەستدا و دواجار کۆرۆنا ئەو گەورە زانا ئەتۆمییەی ئەنگاوت.