سەردێر

زمانی عەرەبی گەورەترین بەربەستی پەڕلەمانتارانی كوردە لە عێراق

خەڵك-

ئەمڕۆ یەك شەممە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، چارەنووسی كۆی پڕۆسەكە لەدەستی دەنگدەردایە، تەنانەت بایكۆتكردن و سوتاندنی دەنگیش هەر لەدەستی ئەواندایە.
كاوە محەمەد پەڕلەمانتاری پێشووی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بایكۆتكردن بووەتە دروشمێكی باو لە قازانجی لیستە گەورەكاندایە، بۆیە داوا لەخەڵك دەكەم بچن بۆ دەنگدان.

پەرتبوون و لایەنی جیاواز و هاتنەپێشەوەی كاندیدێكی زۆری سەربەخۆ، لیستی جیاواز لەنێو لایەنە سیاسییەكان، سیفەتێكی دیكەی پێنجەم هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاقە‌، جگە لەوەش خودی هەڵبژاردنەكە كە كراوەتە بازنەیی و هەر شارەو چەند پەڕلەمانتارێكی بۆ دیاریكراوە، ئەوەش دەرفەتێكی ڕەخساندووە‌ بە خەڵكی سەربەخۆ كە بتوانن خۆیان بپاڵێون.
یاسین تەها چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، هاوپەیمانی گەورە نەماوە، چۆن لەناو كورد فرە ڕوئیایی هەیە لەنێو ماڵی شیعەشدا ٤ هێزی نزیك لەیەكتری هەن، لەناو سونەكانیشدا دوو بەرەی گەورە، هیچ لایەنێكیش بە تەنها ناتوانێت حكومەت دروست بكات، سەربەخۆكانیش لەو باوەڕەدام نابنە ژمارەیەك كە بتوانن كاریگەری گەورەیان هەبێت.

سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی لەسەر ئەدای پەڕلەمانتاران بڵاوكراوەتەوە، قسەو باسی زۆری هێناوەتە كایەوە كە گوایە دەزگای مەدارك بۆچی لەم كاتەدا ئەو ڕاپۆرتەی بڵاوكردووەتەوە، كاوە محەمەد كە دوو خول پەڕلەمانتار بووە ئاشكرایكرد، دوای كۆتاییهاتنی هەر خولێك ئەو راپۆرتە بڵاوكراوەتەوە، خولی پەڕلەمانیش كۆتایی پێهاتووە، بۆیە بڵاوكراوەتەوە.

وتیشی”هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە كە ئەو دەزگایە بەهۆی كاریگەری لایەنی تر ئەو كارەیان كردبێت، بۆ پەڕلەمانتاری كوردیش زانینی زووبانی عەرەبی بەڕەوانی و ئاخاوتن پێكردنی زۆر گرنگە”.

یاسین تەها، پێیوایە تەنها زمانی عەرەبی زانین بۆ پەڕلەمانتاری كورد بەس نییە، دنیای سیاسەت لەنێو ماڵی شیعەشدا لێكتێگەیشتنی باشی دەوێت.
جەختی لەوەش كردەوە، ووردەكاری زۆر لەناو ماڵی شیعەدا ڕووی داوە، دۆزینەوەی تان و پۆكانی ئەو سیاسەتەو چۆنێتی بەرخودكردن لەگەڵیدا شارەزاییەكی باشی دەوێت تا بتوانیت چۆن گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و ئەوەی دەتەوێت بەباشی بیگەیەنیت، تا بتوانیت دەنگی زۆر لە دەوری بۆچوونەكەت كۆبكەیتەوە.