سەردێر

لە مزگەوتەكانەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت بچن دەنگ بدەن

خەڵك-
عیراقییەكان لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممەوە ڕوویان لە سندوقەكانی دەنگدان كرد لە هەڵبژاردنێكدا كە هێزە سیاسییەكان ترسی ئەوەیان هەیە سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە، كاتێك ڕێژەی بەشداریی بە 44% ڕاگەیەندرا و دواتر خۆپیشاندانی ناڕەزایی گەورەی بەدواداهات.

بەپێی زانیارییەكان، دوای تۆماركردنی ڕێژەیەكی كەمی بەشداریی لە هەلبژاردنی پێشوەختە، لە بەغدا و شارەكانی تری لە مزگەوتەكانەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت ڕوو لە ناوەندەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بدەن.

ئەمڕۆ یەك شەممە، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی، وێستگەكانی دەنگدان لە كاتژمێر 7ی بەیانییەوە كرانەوە و دەستكردن بە هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیەندرا كە تێیدا نزیكەی 25 ملیۆن عیراقی لە هەڵبژاردنەكەدا دەنگ دەدەن.
دەنگدان تا كاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و دوای ئەوەش وێستگەكان دادەخرێن، بڕیاریشە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەدوای 24 كاتژمێر ڕابگەیەنرێن.

زیاتر لە 3 هەزار كاندید لە هەڵبژاردنی عیراق، بۆ دەستەبەركردنی 329 كورسی پەرلەمان كێبڕكێ‌ دەكەن.