سەردێر

زانكۆلاین ٤٨ كاتژمێر درێژكرایەوە

خەڵك

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ماوەی (زانكۆلاین)ی بۆ ٤٨ كاتژمێری داهاتوو درێژدەكاتەوە، بەهۆی ئەوەی (١٠/١٠) ڕۆژی دەنگدانەو هاووڵاتیان سەرقاڵی پڕۆسەی دەنگدانن.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند: لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تا ئێستا فۆڕمی (زانكۆلاین)یان پڕنەكردووەتەوە یان تەواویان نەكردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەشی (١٠/١٠) ڕۆژی دەنگدانە و هاووڵاتیان سەرقاڵی پڕۆسەی دەنگدانن، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەی زانكۆلاین (٤٨) كاتژمێری تر واتە تا كاتژمێر (١٢)ی شەوی ڕۆژی دوشەممە ڕێكەوتی (٢٠٢١/١٠/١١) بۆ دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی درێژبكرێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووان، كە بەهەر هۆكاربێت نەیانتوانیوە فۆڕمی زانكۆلاین پڕبكەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆرمی زانكۆلاین تەواوبكەن.

عەباس ئەكرەم ڕاشیگەیاند: ئەمە دوایین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانكۆلاین درێژناكرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەكەین، كە تا ئێستا فۆڕمی (زانكۆلاین) یان پڕنەكردووەتەوە، پێویستە لەماوەی ئەو ٤٨ كاتژمێرەدا پەلەبكەن و تەواوی هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕكردنەوە و تەواوكردنی فۆڕمی زانكۆلاین.