سەردێر

(خەڵك) وردەكاری كەمكردنەوەی كرێی خوێندن بڵاودەكاتەوە

بڕیارەكە كاریگەری لەسەر نەبردنەدەرەوەی پارەی وڵات دەبێت

 

خەڵك-ئارام سەردار

بەبڕیاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان كەمكرایەوە، عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەچاوێكەوتنێك لەگەڵ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەر بژێوی هاوڵاتیان دەبێت و ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتكردەوە كە باس لەوە دەكرا ئەمساڵ كرێی خوێندن كەم ناكرێتەوە.

خەڵك؛ وردەكاری كەمكردنەوەی كرێی خوێندن چۆنە؟

عەباس ئەكرەم؛ بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكانی كوردستان بەڕێژەی (٤٥%) لەگشت قۆناغەكانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (پارالێل – ئێواران)، هەروەها كرێی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بەپێی ئەنجامەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی، بەڕێژەی (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن كەمكردەوە، بڕیارەكەش بەواژۆی ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو كە لە دوو فەرمانی جیادا بڕیاردرا بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان، كە بۆ زانكۆ حكومییەكان، داشكانی ڕێژەی (٤٥%) لە كرێی خوێندنی (پارالێل) و (ئێواران)ی گشت قۆناغەكانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا لە سەرجەم زانكۆ حكومییەكان و دامودەزگاكانی تری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) دەگرێتەوە، لەهەمان كاتدا بۆ زانكۆ تایبەتەكان، بەپێی ئەنجامەكانی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان دەبێت، واتە ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی B، بەڕێژەی (١٠%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە، ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی C، بەڕێژەی (١٥%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە، ئەو زانكۆیانەی دەكەونە گروپی D، بەڕێژەی (٢٠%) كرێی خوێندن كەمدەكرێتەوە، هەروەها سەرجەم پەیمانگە تایبەتەكان و كۆلێژە زانكۆییەكان بەڕێژەی (٢٠%) كرێی خوێندنیان كەمدەكرێتەوە.

خەڵك؛ بڕیارەكە تاچەند دەتوانێت هاوكاری كەس و كاری خوێندكاران بكات لەوەی سوود لەزانكۆ و پەیمانگە ناوخۆییەكان بكەن؟

عەباس ئەكرەم؛ بڕیارەكە لەسەر بنەمای هاوكاری كردنی خێزانی خوێندكاران بووە، چونكە وەزیری خوێندنی باڵا پێی وایە دەبێت هەمووان ڕەچاوی بارو گوزەرانی دارایی خەڵكی خۆمان بكەین و لە هەمان كاتیشدا بتوانین هەلی خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا رۆحیەتی كێبڕكێی زانستی لە دامەزراوە ئەكادیمیەكان بپارێزین، بۆیە ئامانجی وەزارەت لە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان بە لەبەر چاوگرتنی باری دارایی هاووڵاتیانی كوردستان و ڕەخساندنی هەلی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناكانی گەنجانی هەرێمەكەمانە، لەهەمان كاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەكارهێنانی لە گەشەپێدانی زانكۆكان.

خەڵك؛ بڕیارەكە وادەكات چیتر داهاتی هەرێم نەبرێتە دەرەوە؟

عەباس ئەكرەم؛ بڕیارەكە لێرەشدا ئامانجی خۆی دەپێكێت چیتر سەروەت و سامانی وڵات نەچێتە دەرەوە، بەپێی ئامارێك لەساڵانی ڕابردوو زیاتر لە ٢٢ هەزار خوێندكار لەدەرەوەی وڵات درێژەیان بەخوێندن داوە، كەزیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دینار خەرجكراوە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە وەزارەت بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی خوێندن جێبەجێ دەكات كاریگەری هەبووە لەسەر گەڕانەوەی ئەو داهاتە، لەهەمان كاتدا دەتوانرێت زانكۆكان خۆیان بەم داهاتە بەڕێوەببەن و داهاتیش بۆ حكومەت بەدەست بخەن، هەروەها بەردەوامیش دەدات بە پڕۆسەی خوێندن، بڕیارەكەش ئەمساڵ جێبەجێ دەكرێت.

خەڵك؛ ئاستی زانستی زانكۆكان كاریگەری هەیە لەسەر كارامەیی خوێندكاران؟

عەباس ئەكرەم؛ توانای زۆرێك لەزانكۆ و پەیامانگاكانی هەرێم زۆر باشتر بووە لەبەشێك لەو زانكۆ و پەیمانگایانەی خوێندكارانی هەرێم ڕوویان تێدەكردن لەوڵاتان، بەبێ هیچ توانا و كارامەییەك دەگەڕانەوە هەرێم، بۆیە دەتوانرێت پەرەی زیاتر بەتوانای زانكۆكانی خۆمان بدرێت و كوالێتی خوێندن باشتر بكرێت، كارامەیی خوێندكارانیش بەرەو پێش بچێت، بەراوورد بە ١٠ساڵی ڕابردوو ئێستا ئاستی زانستی زانكۆكان زۆر باشتر و بەرەوپێش چووە.

خەڵك؛ بۆچی ڕەخنە لەوەزارەت دەگیرێت كەوا بڕیارەكانی لەسوودی خوێندكاراندا نیە؟

عەباس ئەكرەم؛ بەپێچەوانەوە وەزیری خوێندنی باڵا لەماوەی یەك مانگدا پێشوازی لە هەزار و ٦٠٠ خوێندكار وهاوڵاتی كردوە و گوێی لەداواكاری و كێشەكانی گرتوون، یان هەر سەرنج و تێبینی و مامەڵەیەكان هەبووبێت بۆی ڕایی كردون، لێرە و لەوێش باس لەوە دەكرا لەوەی وەزارەت ئەمساڵ كرێی خوێندن كەم ناكاتەوە و پەشیمان بۆتەوە، بەڵام دەركردنی ئەو بڕیارە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ كە وەزارەت هەمیشە لەسەنگەری خوێندكاراندایە.