سەردێر

پارێزگاری هەولێر: كێشەی وشكەساڵیمان كۆنتڕۆڵ كردووە

خەڵك-ئارام سەردار

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەسنووری پارێزگای هەولێر كێشەی وشكەساڵی كۆنتڕۆڵكراوە و هەوڵەكانی حكومەتیش بۆ دابینكردنی ئاو بەردەوام دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش ڕەزامەندی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی ئیفراز چوار و چەند بەنداوێك وەرگیراوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە دۆخی ئاو لەشارەكە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسنووری پارێزگای هەولێر كێشەی وشكەساڵی كۆنتڕۆڵكراوە و هەوڵەكانی حكومەتیش بۆ دابینكردنی ئاو بەردەوام دەبێت، سوپاسی ئەو كەس ولایەنانەشی كرد كەوا لەدابینكردنی ئاو بۆ هاوڵاتیان هاوكاریان بوون.

دەشڵێت، سەڕەڕای ووشكەساڵی، شێلوبووی ئاوی ئیفراز گرفتەكەی زیاتر كرد، بەڵام بە دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەڕاسیۆن هەوڵی چارەسەری كێشەكان درا ، هەم سەرپێچییەكانی ئاوی زێدەڕۆ ڕاكێشراو چارەسەر كرا و بەتەنكەریش ئاو بۆ هاووڵاتیان دابینكرا، لەهەمان كاتدا ٨ملیار دینار خەرجكراوە بۆ نۆەژەنكردنەوەی ٥١٣ بیری ئاو، لێدانی ٧٦ بیری تازە و ٢٥ بیری دیكەش لە جێبەجێكردندان و ١٣٣ پڕۆژەی ڕاكێشانی ئاو و دابینكردنی كارەبا و ٤٦ بیریش بە مۆلیدەی گەڕەكەكان بەسترانەوە.

باسی لەوەشكرد، بۆئەوەی كێشەی ئاو چارەسەربكرێت پلانی ستراتیژیان هەیە ئەویش ڕەزامەندی وەرگیرا تاوەكو پڕۆژەكانی ئیفرازی چوار و بەنداوی گۆمەسپان و دوو بەنداوی دیكە تەواوبكرێن.