سەردێر

“دەكرێت بایكۆت هاوشێوەی كۆڕەوی ساڵی ٩١ سەیر بكەین”

خەڵك-

پارێزەرێك ڕایدەگەیەنێت، بایكۆت دەستەرداربوونی مافی خۆمان و دابڕان نیە لە پڕۆسەی سیاسی، بەڵكو بایكۆت هەڵوێستی سیاسییە، ئەوكاتەی دوای چەندینجار تاقیكردنەوە و دەرفەتدان، دڵنیادەبیتەوە لەوەی ئەو دەسەڵاتە ئەهلی چاكسازی و گۆڕانكاری نیە، توانای پاراستنی مافە نەتەوەییەكان و نوێنەرایەتیكردنی سەرڕاستانەی گەلی كوردی نیە لەعیراقدا.

دوێنێ هەینی، دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا و بەپێی زانیارییە نافەڕمییەكان ڕێژەی سووتاندنی دەنگەكان بەراورد بە هەڵبژارنەكانی ڕابردوو چەندین هێندە زیادی كردووە بەشێوەیەك خۆی لە سەرووی 30% دەبینێتەوە.

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و مافناس بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوكاتەی هەردوو حزبی سەرەكی دەسەڵات هەوڵەكانی ساختەكاری یەكتر ئاشكرادەكەن و دڵنیاییمان دەدەنێ لە ڕاستیی بوونی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا، كاتێك دەزانین یەكێتی و پارتی 30 ساڵە ئیش لەسەر دروستكردنی گەلێكی بێ ئیرادە دەكەن و پێشبڕكێ دەكەن لەسەر پەلەكردن لە دەنگدانەوە پێیان، سەرباری هەموو ئەو گەندەڵی و ناعەدالەتیەی بەڕێوەی دەبەن.

وتیشی، “لەسەرو ئەمانەشەوە كاتێك دەزانین زۆربەی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن دەبن بە هاوپەیمانیان یان لە باشترین حاڵەتدا لەدڵی خۆیاندا و بەبێدەنگی دژیان دەوەستنەوە، لەمكاتانەدا بایكۆت دەبێتە باشترین وەڵام و بەڕوو ڕاوەستانەوە، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنێكی وەك هەڵبژاردنی عێراق كە زۆرترین چاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەرە”.

ئاشكراشیكرد، دەكرێت بایكۆت هاوشێوەی كۆڕەوی ساڵی ٩١ سەیر بكەین، ئەوكاتەی دڵنیابووین دەرەقەتی زوڵم و ستەمی حزبی بەعس نایەین و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گوێی لە دەنگی ناڕەزایەتی و خەباتمان نیە، بە بێدەنگی لەو دەسەڵاتە ڕامانكرد، بۆ پاراستنی خۆمان، ماڵ و شار و جێگاكانمان بۆ ئەو دەسەڵاتە جێهێشت.

جەختی لەوەش كردەوە، چۆڵكردنی بنكەكانی دەنگدان هەمان كاریگەری دەبێ ئەگەر ئێمە خۆمان بەهەندێ هیوای هەڵخەڵەتێنەرەوە نەبەستینەوە.