سەردێر

وردەكاری كوژرانی پۆلیسی بارەگاكەی پارتی ئاشكراكرا

خەڵك-
بكوژری پۆلیسەكەی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە دەستگیر كرا و وتەبێژی پۆلیس دەڵێت: “بە پلانی پێشوەختە كوژراوە و ژنەكەشی دەستگیر كراوە”.

ڕۆژی سێ‌ شەممە 5ی ئەم مانگە، پۆلیسێكی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە بەناوی (ف. ا. ح) تەمەن 47 ساڵ لە شارەدێی سیروان و لە نزیك باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە، تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزراوەتەوە.

بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پۆلیسەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا کوژرا، بە پلانی پشێوەختە بووە، تاوانبارەکە پێش تاوانەکە ئامادەکاری کردووە و دواتر جێبەجێیکردووە و هۆکاری تاوانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کەسی لە نێوان تاوانبار و کوژراوەکەدا.

وتیشی، “تاوانبارەکە خاوەنی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تاکسی بووە، کە پێش تاوانەکە بە لەزگە دایپۆشیوە و ژمارەکەشی شاردۆەتەوە و لۆگۆی تاکسییەکەشی لابردووە، دواتریش دوای لێکۆڵینەوە، لە گوندی پاڵانیا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بەسەرداگرت، کە تا ئەو کاتەش شوێنەواری لەزگەکە بەسەر ڕووی دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە مابوو، هەروەها تیمەکانی بەڵگە و تاوان پاشماوەی خوێن و تاڵەموی کوژراوەکەیان بە بەشی ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەکە دۆزیەوە”.

ئاشكراشی كرد، لەسەر ڕووداوەکە چوار کەس دەستگیرکراون، دووانیان بێ تاوانن و ئازاد دەکرێن، بەڵام هاوسەری کوژراوەکە و تۆمەتباری سەرەکی ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە، بەهۆی ئەوەی تاوانبارەکە پێشوەختە پەیوەندی بە هاوسەری کوژراوەکەوە کردووە و پێی وتووە مێردەکەت دەکوژم، بەڵام دادگا و هێزە ئەمنییەکانی ئاگادارنەکردۆتەوە.