سەردێر

تۆڕی شەمس: ڕاپۆرتێك لەسەر دەنگدان دەدەینە كۆمسیۆن

خەڵك-
نوێنەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لە سەرتاسەری عێراق ڕاپۆرتی تایبەت بە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی دەداتە كۆمسیۆن و جەختیشدەكاتەوە، كە هەندێك وردە كێشە هەیە.

بەهرە گەردی، نوێنەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لە عێراق لەكاتی چاودێری هەڵبژاردنەكان لە بنكەیەكی دەنگدان لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە كاتژمێر 6ی بەیانییەوە لە بنكەكانی دەنگدان ئامادەبووین و چەندین تیم و چاودێری ترمان هەیە لە بنكەكانی دیكەی هەڵبژاردن.

ڕاشیگەیاند، هەرچەندە دەنگدان بەشێوەیەكی گشتی بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام چەند تێبینی و وردە كێشە هەن، كە ئەویش ئەوەیە دەنگدەران بە جۆش و خرۆشەوە هاتوون بۆ دەنگدان و قەرەباڵغی دروست بووە و هەمووان دەیانەوێت بەپەلە و بەكۆمەڵ دەنگبدەن.

جەختیشی كردەوە، چاودێرە و كارمەندانی كۆمسیۆن بە باشی كاری خۆیان دەكەن و پڕۆسەكە خاو نییە، بەڵام دەنگدەران بەپەلەن و قەرەباڵغییان دروست كردووە.

ئاشكراشی كرد، لەسەر هەردوو پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی ڕاپۆرتی خۆیان وەكو تۆڕی شەمس دەبێت و دەیدەنە كۆمسیۆن لە هەرێم و عێراقیش.