سەردێر

قوباد تاڵەبانی؛ سیاسەت بەكەسانی ڕاكردو لەقەرز‌وقۆڵە‌ و هێزی بچوك ناكرێت

خەڵك

سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سلێمانی شارێكی یاخییە ، قەت فێری گوێڕایەڵی نەبووە ، هێزە سیاسییەكانن دەبێت گوێڕایەڵی ئەم شارە بن، دەشڵێت،”سیاسەت بابەتێكی جدییە بە كەسانی ڕاكرد و لە قەرز‌و قۆڵە‌ و هێزی بچوك ناكرێت”.

قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان لە یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانی‌ و لەدواین كۆبونەوەی جەماوەریی بانگەشەی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند، ڕكابەرایەتی یەكێتی‌ و گۆڕان تەنیا سلێمانی لاوازكرد، كە پێشتر مام جەلال ‌و نەوشیروان مستەفا زوو هەستیان بەوەكرد، بۆیە رێككەوتنی دەباشانیان ئیمزاكرد.

وتیشی،”ئەگەر رۆژێك بەرامبەر بە سلێمانی كەمتەرخەم بووین، بە گەورەیی خۆتان بمانبورن، چونكە سلێمانی شارێكی یاخییە، قەت فێری گوێڕایەڵی نەبووە، هێزە سیاسییەكانن دەبێت گوێڕایەڵی ئەم شارە بن”.

ڕاشیگەیاند، جیاوازی بەڕێوەبردنی سلێمانی لەگەڵ شوێنی تردا، ئاسمان‌ و رێسمانە، ئەمە منەت نییە، ئەوە سلێمانی خۆیەتی ناچاری كردوین گوێی لێبگرین، بەقسەی بكەین، سازشی بۆ بكەین، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی ئەو هاوكێشە سەقەتە بگۆڕین كە تەنها حزبێك بڕیار لە چارەنوسی میللەتێك بدات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بە دەنگەكانتان بە دەنگدان بە لایەنە بچوك‌ و موزایەدەچییەكان مەسوتێنن‌ و هاوكارمان بن لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی، بۆیە نە قەت نە مەحكومی عەجەم دەبین نە سوغرەكێشی ئالی عوسمانیش .

ئاشكراشیكرد، سیاسەت بابەتێكی جدییە بە كەسانی ڕاكرد و لە قەرز‌و قۆڵە‌و هێزی بچوك ناكرێت، كە سەرقاڵی كورسی گۆڕینەوە‌و مامەڵەی ژێربەژێرن.