سەردێر

حكومەت ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ئاشكرا دەكات

خەڵك-
راوێژكارێی سەرۆك وەزیرانی عێراق ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ئاشكرا دەكات و دەڵێت، زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس كە لە ڕیزی هێزە ئەمنییە عێراقییەكاندان بەشداریی لە دەنگدانی تایبەتدا دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

حسێن هنداوی،ڕاوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ژمارەی هێزە ئەمنییەكان كە مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە و سبەینێ هەینی دەنگ دەدەن، دەگاتە یەك ملیۆن و 595 هەزار دەنگدەر و دابەشكراون بەسەر دوو هەزار و 548 ناوەندی دەنگداندا لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق”.
بە وتەی هنداوی”ئەو دەنگدانە تایبەتە زیاتر لە 120 هەزار ئاوارەش لەخۆ دەگرێت كە لە 86 ناوەنددا ناویان تۆماركراوە”.

لەلایەكی ترەوە ڕاوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند كە 715 چاودێری نێودەوڵەتی لەعێراقن بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی دەنگدان ولەم ماوەیەدا دابەشدەكرێن بەسەر تەواوی ناوەندەكانی دەنگداندا، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە چەكدارەكانیش بەنهێنی دەبێت ونابێت بەهیچ شێوەیەك ئاشكرای بكەن كە دەنگیان بەكێ داوە”.

سبەینێ‌ هەینی دەنگدانی تایبەت دەستپێدەكات و لە یەك شەممەی داهاتووش دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت.