سەردێر

زانكۆی سلێمانی یەكەم ڕۆژی دەستپێكی خوێندنی دیاریكرد

خەڵك-
ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا لە ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووترەوە 16-10-2021 پڕۆسەی خوێندن لەناو كەمپەس دەستپێبكات و جەختیشدەكاتەوە، كە دەبێت خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.

ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوار شەممە كۆبوونەتەوە و بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بە دەست پێكردنی پڕۆسەی خوێندنی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) بەشێوەی خوێندنی ناو كەمپەس لە ڕێكەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١) ەوە بەپێی خشتەی وانەكان لە كۆلێجەكانیان.

ڕاشیگەیاندووە، بریاردرا بە: كردنەوەی بەشەناوخۆییەكان لەڕێكەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١)ەوە بەڕووی خوێندكاراندا بەو مەرجە دەبێت ؛كە خوێندكار ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتبێت بەڕەچاوكردنی ڕێكارە تەندروستییەكان وھەڵگری (كارتی كوتانی كۆڤید-١٩) بێت.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو خوێندكارانەی بەشەناوخۆییەكان كە تا ئێستا ھیچ ژەمێكی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە دەتوانن بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەكانەوە گشتاندنی پێدەكرێت سەردانی مەڵبەندی تەندروستی زانكۆ لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی بكەن ؛ یان سەردانی ھەر سەنتەرێكی تری تایبەت بەپێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بكەن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی (٦-١٠-٢٠٢١) ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا و بەلەبەرچاوگرتنی سەرجەم بارودۆخەكان؛ ئەنجومەن بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بە دەست پێكردنی پڕۆسەی خوێندنی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) بەشێوەی خوێندنی ناو كەمپەس لە ڕێكەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١) ەوە بەپێی خشتەی وانەكان لە كۆلێجەكانیان، ھەر بەو بۆنەیەوە ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی پیرۆزبایی لە سەرجەم خوێندكاران ومامۆستایان وفەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی دەكات وھیوای سەركەوتن ولەشساغی بۆ ھەمووان دەخوازێت. ھاوكات لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا و لەپێناو كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو ھەزاران خوێندكاری نیشتەجێبووی بەشەناوخۆییەكاندا وبەردەوامی پرۆسەی خوێندن بەسەركەوتوویی لەناو كەمپەسدا وڕێگریكردن لەھەر ئەگەرێكی نەخوازراو وەك قۆناغی یەكەم بریاردرا بە: كردنەوەی بەشەناوخۆییەكان لەڕێكەوتی (١٦-١٠-٢٠٢١)ەوە بەڕووی خوێندكاراندا بەو مەرجە دەبێت ؛كە خوێندكار ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتبێت بەڕەچاوكردنی ڕێكارە تەندروستییەكان وھەڵگری (كارتی كوتانی كۆڤید-١٩) بێت، ھەر بۆ ئەو مەبەستە وەك ئاسانكارییەك لە ڕێكەوتی (١٢-١٠-٢٠٢١)ەوە ئەو خوێندكارانەی بەشەناوخۆییەكان كە تا ئێستا ھیچ ژەمێكی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە دەتوانن بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی بەشەناوخۆییەكانەوە گشتاندنی پێدەكرێت سەردانی مەڵبەندی تەندروستی زانكۆ لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی بكەن ؛ یان سەردانی ھەر سەنتەرێكی تری تایبەت بەپێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بكەن. شایەنی ئاماژەپێدانە لە ھەفتەی پێشووە ڕۆژانە ژمارەیەك مامۆستا وفەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی سەردانی مەڵبەندی تەندروستی زانكۆ دەكەن بەمەبەستی وەرگرتنی ڤاكسین ولەقۆناغەكانی داھاتوشدا بەزوویی كار بۆ پێدانی ڤاكسینی كۆڤید-١٩ بە تەواوی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەكرێت .
ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی