سەردێر

لە هەرێم 7 ڕۆژ پشوو بۆ بەشێكی فەرمانبەران ڕاگەیەنرا

خەڵك-
له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ فه‌رمانبه‌رانی ئێزیدی و به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی “جه‌ما”وه‌ هەفتەیەك ده‌كرێته‌ پشوی فه‌رمی.

خه‌یری بوزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری ئێزدییەكان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە 6ی تشرینی یەكەمی 2021 تاوەكو 13ی مانگ واتە بۆ ماوەی 7 ڕۆژ بۆ هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی ئێزدی لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم ده‌كرێته پشووی فەرمی.

ڕاشیگەیاند، ئەو پشووە به‌هۆی جه‌ژنی “جه‌ما”وه‌یە و تا ڕۆژی سێ‌ شەممە 13-10-2021 بەردەوام دەبێت.

“جه‌ژنی جه‌ما” به‌مانای جه‌ژنی پاییز دێت و ئێزیدیه‌كان له‌و 7 ڕۆژه‌دا سه‌ردانی لالش ده‌كه‌ن و چه‌ندین ڕێوڕه‌سمی تایبه‌ت، كه‌ سه‌رجه‌میان به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ خۆر و كشتوكاڵه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت، هەرچەندە جڤاتی ڕۆحانی ئێزدییەكان بڕیاری داوه‌ ئه‌مساڵ ڕێوڕه‌سمەكان ئه‌نجام نه‌درێن.