سەردێر

لەسەر هەڵبژاردنی عێراق 12 وڵات هەڵوێستی هاوبەشیان ڕاگەیاند

خەڵك-
لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە 10ی ئەم مانگە، 12 وڵات هەڵوێستی هاوبەش ڕادەگەیەنن و دەڵێن: “نەتەوە یەكگرتووەكان تیمەكانی بۆ 5 هێندە زیادكردووە”.

هەریەكە لە وڵاتانی، (ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، كەنەدا، دانیمارك، فنلەندا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، نەرویج و سوید) لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەكردووە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی هەلێكی گرنگە لەبەردەم عێراقییەكان بۆ دیاریكردنی چارەنووسیان بەرەو دیموكراتیەت و بڕیاردان بە دەستی خۆیان.

ڕاشیگەیاندووە، پشتیوانی لە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق دەكەین بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ هەڵبژاردن.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، لە ئایاری 2020 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕاسپاردووە بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ ڕێكخستنی هەڵبژاردن، بۆیە داوا لە سەرجەم لایەنە عێراقییەكان دەكەین ڕێز لە سەروەری یاسا و بێگەردی هەڵبژاردن بگرن.

ئاشكراشی كردووە، نێردەی یارمەتیدانی كۆمسیۆن سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان گەورەترینە لەسەر ئاستی جیهان، بەجۆرێك پێنج هێندە زیاترە لە ژمارەی ئەو بەرپرسانەی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لەكاتی هەڵبژاردنی 2018 ئامادەبوون.