سەردێر

عیراق.. ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ژمارەیەك بڕیار دەردەكات

خەڵك

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عيراق پازدەهەمین دانیشتنی خۆی بەسەرۆكایەتی د.فائق زەیدان، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فیدڕاڵ ئەنجامدا و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد.
یەكێك لەو بابەتانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عيراق لەمیانی دانیشتنەكەیدا گفتۆگۆی لەبارەوە كرد پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوو كە تێیدا بڕیاریدا لەڕۆژی دەنگداندا لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 دەستەی دادوەریی لەسەرجەم ناوچەكانی پێداچوونە پێكبهێنرێت بەمەبەستی بینینی ئەو تاوان و سەرپێچییانە كەلە سەروبەندی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردندا دێنەپێشەوە و جەختیشكرایەوە لەسەر توندكردنی ڕێوشوێنە یاساییەكان بۆ پاراستنی وێنە و ڕیكلامی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەكان.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عيراق بڕیاریشیدا پلەی ژمارەیەك لەدادوەران بەرزبكاتەوە و ژمارەیەك پۆستی دادوەرییان پێبدات، هەروەها بڕیاری گواستنەوە و ئینتدابی بۆ ژمارەیەك لە دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی دەركرد ئەوەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی.

هەروەها ئەنجومەنی دادوەری گفتوگۆی كرد لەبارەی بابەتی وتنەوەی وانە لەلایەن دادوەران لەمادەی (دادگای گریمانەیی) لەسەرجەم كۆلێژەكانی یاساو بڕیاریشیدا لیژنەیەك پێكبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو دادوەرانەی خۆیان كاندید كردووە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عيراق جەختی لەسەر گشتاندنەكانی پێشوو كردەوە سەبارەت بەپۆشینی جلوبەرگی شیاو لەلایەن كارمەندانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و جەختیشی كردەوە لەسەر پێویستی پارێزگاریكردن لەشێوەی شیاوی كارمەند بەشێوەیەك كەگونجاو بێت لەگەڵ ئەو پێگەیەی دادوەر هەیەتی لەناو كۆمەڵگەدا.