سەردێر

لاستیکی گاید چیە و ئیشی چیە لەناو مەکینەی ئۆتۆمبێل؟

خەڵك-

لاستیک گاید، لاستیکێکی تایبەتە لەسەر وەلفەکانی بزوێنەر دەبەسترێت، ئەرکی سەرەکی بریتیە لە کۆنتڕۆڵی ناردنی ڕۆن بۆ چەورکردن و ساردکردنەوەی قەدی وەلفەکان و هەروەها ڕێگری کردن لە ڕۆشتنی ڕۆنی زیادە بۆناو ژووری سووتان.

هاوکار حەمەئەمین، ئەندازیاری بواری ئۆتۆمبێل لەبارەی لاستیک گاید دەڵێت: “جیاواز لە لاستیک و چبنەکانی تری ناو بزوێنەر، لاستیك گاید تاکە لاستیکە، کە دیزاین کراوە بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕ بوونی کەمێک ڕۆن بەناویدا، ئەمەش بۆ مەبەستی چەورکردن و ساردکردنەوە، هەروەها ئاسان جووڵەکردن و دانیشتنی وەلفەکان لەشوێنی خۆیان”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بەهۆی بەکارهێنانی ڕۆنی کوالێتی خراپ و زیادبوونی تەمەنی بزوێنەر، ئەم لاستیکە تووشی داخوران، درزبردن، قرچۆک و ستۆک بوون دەبێتەوە سەرئەنجام ئەبێتە هۆی تێپەڕبوونی ڕۆنی زیاد بەناویدا و دروست بوونی گیر و گرفت بۆ بزوێنەر وەکو ڕۆن سەرف کردن و دورست بوونی دووکەڵ.

نیشانەکانی تێک چوونی لاستیک گاید چیە؟
1- کەم کردنی ڕۆنی بزوێنەر.
2- هەبوونی دووكەڵی شین و سپی باو لەکاتی ئیش پێکردنی ئۆتۆمبێل لە ساردی و دواتر نەمانی.
3- هەبوونی دووكەڵی شین و سپی باو لەکاتی لێخوڕین لەناو شار و ترافیک دواتر نەمانی لە خێرایی زۆر و ڕێگای دەرەوەدا.
4- بەردوام هەبوونی دووكەڵی شین ئەمەش بەهۆی تەواو خراپ بوونی لاستیک گاید.
5- کەم بوونەوەی کێشی ئۆتۆمبێل بەهۆی دانەخستنی ژووری سووتان لە ڕێگەی وەلفەکانەوە بە باشی.