سەردێر

پاییز هات و هێشتا نەوتەكەی حكومەت بۆ هاووڵاتیان نەگەیشتووە

خەڵك ـ نزار جەزا
ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێم نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشنەكردووە و ئێستاش كە نزیك هەڵبژاردنە، جارناجارێ دەنگۆی دابەشكردنی نەوتی سپی بڵاودەبێتەوە، بەڵام بەوتەی قائیمقامی پێنجوێن، كە یەكێكە لەناوچە ساردەكانی هەرێمی كوردستان، تاكو ئێستا بەفەرمی ئاگادارنەكراون، نەوتیان پێ‌ بدرێت.

لە ساڵی 2019ەوە حكومەتی هەرێم بەردەوام لەگەڵ نزیكبوونەوەی پاییز و وەرزی سەرما بڕیاری دابەشكردنی نەوت دەدات، بەڵام تا ئێستا خەڵك هەر لە چاوەڕوانیدان هەرچەندە بڕیارە عێراق نەوت بنێرێت، بەڵام هێشتا ئەوەش نادیارە و نرخی یەك بەرمیلیش گەیشتۆتە 130 هەزار دینار لە بازاڕدا.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێنجوێن بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا ئاگادارنەكراونەتەوە، كە نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكرێت، بۆئەوەی ئامادەكاری بۆ بكەن.

زیاتر ڕوونیكردەوە، لیژنەیەك بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی دروست دەكەن، ئەگەر بێت، بەڵام تاكو ئێستا هیچ شتێكی فەرمی نییە، تەنها لەڕاگەیاندنەوە دەبیستن نەوت دێت و دیاریش نییە كەی دێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ساڵی پار نەوت دابەشنەكراوە، ئەمساڵیش تائێستا ڕوون نییە دابەشدەكرێت یان نا.

باسی لەئەوەشكرد، ئەگەر نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشنەكرێت، بێگومان نرخی نەوت لەبازاڕدا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش بارگرانییە بۆ هاووڵاتییان.

ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانی زوو، كە نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەكرا، لەناوچە ساردەكانی وەك پێنجوێنەوە دەست بەدابەشكردنی دەكرا و تا دەگەیشتە سەرەی ناو شار نەوت نەدەما یان بەشی چەند گەڕەكێكی دەكرد و ساڵی ڕابردووش، كە حكومەتی عێراق نەوتی نارد لەناو شاری سلێمانی تا سنووری مەڵبەندی 5 نەوت دابەشكرا.