سەردێر

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: لە دوو ساڵدا ھەزار و 108 كیلۆمەتر ڕێگا دروست كراوە

خەڵك

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی دوو ساڵدا 48 پڕۆژەی رێگاوبان تەواوكراون و كاركردن لە 132 پرۆژەش بەردەوامن و بە تەواوبوونیان كاریگەری ئەرێنیان لەسەر كەرتی هاتووچۆ دەبێت.
ئاگرین عەبدوڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: “لە دەستپێكی كابینەی نۆی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 تا ئێستا، 48 پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون و تەواو بوون، بودجەی تەرخانكراویش بۆ ئەو 48 پڕۆژەیە 11 ملیار و 480 ملیۆن دینارە، لەو پڕۆژانە یەك ھەزار و 108 كیلۆمەتر ڕێگا دروست كراوە؛ لە دووسایدەوە بگرە تا دەگاتە تۆنێل و ڕێگای یەكساید و پرد.”

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە وتیشی: “ئێستا 132 پڕۆژەی تر لە بواری جێبەجێكردنن و كاریان تێدا بەردەوامە و بودجەی دوو ترلیۆن و 950 ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە، ئەگەر ئەو 132 پڕۆژەیە كۆتایییان بێت و تەواو بكرێن ئەوە كاریگەرییەكی زۆر گەورەیان دەبێت لەسەر كەرتی ھاتوچۆ و ڕێگاوبان، چونكە 370 كیلۆمەتر ڕێگای دووساید تەواو دەبێت لەگەڵ 10 كیلۆمەتری یەكساید و 711 كیلۆمەتری ڕێگای گوندەكان نۆژەن دەكرێتەوە.

ئاگرین عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “لە پڕۆژە ستراتیژییەكانیش ژمارەیەك پڕۆژە لە بواری جێبەجێكردنن، لەوانە پڕۆژەی ڕێگای كەلار-دەربەندیخان كە 41 كیلۆمەترە و 137 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، ھەروەھا ڕێگای كەلار-كفری كە 25 كیلۆمەترە و 53 ملیاری بۆ تەرخان كراوە، پرۆژەی دوكان بۆ چوارقوڕنە پڕۆژەیەكی دیكەی ستراتیژییە، لەگەڵ دروستكردنی پردی دەربەندی ڕانیە و ڕێگای پێنجوێن-باشماخ كە ھەموویان پڕۆژەی ستراتیژین و لەلایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێن و كاریگەرییان لەسەر كەرتی ھاتووچۆ دەبێت.”