سەردێر

كومان ڕاستییەكەی دركاند: ڕۆیشتنی مێسی هۆكارە

خەڵك-
ڕۆناڵد كومان ڕاهێنەری بەرشەلۆنە ڕاستییەكان دەدركێنێت و ڕەتیدەكاتەوە هیچ شتێك لەبارەی ئایندەیەوە بزانێت یان قسەی لەگەڵ سەرۆكی یانەكە كردبێت، رەخنەی تونديش لە ئیدارەی یانە كەتەلۆنییەكە دەگرێت.

بەرشەلۆنە كە سبەینێ‌ شەممە ڕووبەڕووی ئەتلیتیكۆ مەدرید دەبێتەوە لە خولی ئيسپانی، لە دوایین پێنج یاریدا تەنیا یەك بردنەوەی تۆماركردووە، بۆیە میدیاكانی وڵاتەكە دەڵێن ئایندەی ڕاهێنەر لەسەر مەحەكە و چەند ناوێكیشیان بۆ جێگرەوەی خستۆتەڕوو.

كومان سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بە ڕەوشی ئێستای بەرشەلۆنە دەرنەبڕی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی كە ئەمڕۆ هەینی بۆی سازكرا و وتی:”پێویستم بەوە نییە وەڵام بدرێمەوە یان هەست بكەم رێزم لێناگیرێت، سەرۆكی یانەكە هیچی پێی نەوتوم و چاوم پێنەكەوتووە، هەست بە زۆر شت دەكەم بێ‌ ئەوەی كەس پێم ڕابگەیەنێت”.

بە وتەی كومان:”بڕیاری یانەكە بۆ ڕێگەدان بە ڕۆیشتنی لێۆنێل مێسی لە سەرەتای ئەم وەرزە، لە هۆكارەكانی ئەم حاڵە خراپەی تیپەكەیە كە بە خراپترین دادەنرێت”.

ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دەڵێت”چی تر بەرگە ناگرم بۆ بەرگریكردن لەخۆم، گۆڕانكاریی لە یانەكەدا ڕویدا و سەپێنرا بەسەرماندا، ڕۆژێك دێتەبەر بەڕوونی لەو بارەیەوە قسە بكەم و ڕوبۆچوونی خۆم بخەمەڕوو”.