سەردێر

یوتیوب بەشێك لە ڤیدیۆكان دەسڕێتەوە

خەڵك-
پێگەی یوتیوب، دەستكردن بە هەڵمەتی سڕینەوەی ئەو ڤیدیۆیانە ڕادەگەیەنێت كە كە باس لە خراپیی وەرگرتنی ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆنا دەكەن.

ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لەزاری بەرپرسانی پێگەی “یوتیوب”ـەوە بڵاویكردەوە”هەڵمەتەكە ئەو ڤیدیۆیانە دەگرێتەوە كە بانگەشە بۆ خراپیی كاریگەرییەكانی خۆكوتان دەكەن بە ڤاكسینەكانی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا”.

بە وتەی بەرپرسانی پێگەكە”ئەوان دەیانەوێت ڕێگەبگرن لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی نادروست و چەواشەكاریی لەبارەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، بەتایبەت ئەو ڤیدیۆیانەی باس لەوە دەكەن كە گوایە خۆ كوتان بەو ڤاكسینانە، مرۆڤ تووشی شێرپەنجە و نەزۆكی و ئۆتیزم دەكەن”.

هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێكی یوتیوب بە (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ڕاگەیاندووە”ئێستا یوتیوب زیاتر لە هەموو كاتەكانی پێشوو گرنگی بە دۆسێی (كۆڤید- 19 )دەدات و لە ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە 130 هەزار گرتە ڤیدیۆیی سڕیوەتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا چەندین چەناڵی یوتیوب بۆ هەمیشە سڕدراونەتەوە، چونكە زانیاریی چەواشەكارییان لەبارەی ڤاكسینی دژە كۆرنا بڵاوكربۆوە”.