سەردێر

حكومەتی هەرێم بۆ نەوتی سپی بڕیاریدا

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە نزیكترین دەرفەتدا نەوتی سپی دابەش دەكەین و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانیش دەڵێت: “تا ئێستا بە فەرمی بۆ دابەشكردنی نەوت ئاگادار نەكراوین”

د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە چەكی بێ‌ مۆڵەت ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێكداوە و دیاردەكە زیادی كردووە، بۆیە بە یاسا ئەو دیاردەیە قەدەغە دەكەن.

ڕاشیگەیاند، لە نزیكترین دەرفەتدا دەست دەكەن بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكات.

لای خۆشیەوە، حاجی دلێر، بەرپرسی بەشی فرۆشتن لە بەڕێوەبەرایەەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمیمان بۆ دابەشكردنی نەوت بەدەست نەگەیشتووە، تەنها لەسەر ئاستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەنگۆی دابەشكردنی نەوت هەیە.

وتیشی، “ئێمە لایەنی جێبەجێكارین و هەر كات نەوتمان بەدەست بگات و فەرمانی دابەشكردنی هەبێت، ئەوكات بە فەرمی ڕایدەگەیەنین و ڕێكارەكان و نرخەكەشی ئاشكرادەكەین”.