سەردێر

خەڵك؛ زانیاری لەسەر مووچە و پلەی چوار لیوا نوێیەكەی پێشمەرگە بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
چوار لیوای دیكەی هێزەكانی 70 و 80ی پارتی و یەكێتی دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسێكی باڵای ئەو وەزارەتە ڕایدەگەیەنێت، بە هەمان پلەی سەربازییەوە میلاكیان دەگوازرێتەوە، بەڵام مووچەكانیان لە ئێستاجدا لەلایەن ئەمریكاوە نادرێت.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپراسیۆن بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چوار لیوای دیكە دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، دە دووانیان لە هێزەكانی 70 و دووانیان لە هێزەكانی 80 دەبن و لە ئێستادا خەریكی ڕایی كردنی كامەڵە یاساییەكانیانین و لە ئەنجوومەنی وەزیرانن.

ڕاشیگەیاند، ئەو چوار لیوایە دەبن بە لیواكانی 15 و 17 و 18 و 19 لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوو لیوایان ڕەزامەندییان تەواو بووە و دوو لیواشیان هێشتا مامەڵەكانیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنین، چونكە ئەمە گواستنەوەی هێزی گەورەن بۆ سەر وەزارەت.

سەبارەت بە پلە سەربازییەكانیان، لیوا قارەمان وتیشی، “ئێمە سەیری ئەو لیستە دەكەین، كە هاتووە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە بە هەمان لیست، كە مووچە و پلەكانیانی تێدایە بەرزی دەكەینەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، واتە ئێمە دەستكاری پلەكانیان ناكەین”.

سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئەو چوار لیوایەش وەك 14 لیواكەی دیكە مووچەیان لەلایەن ئەمریكاوە دەدرێت؟ ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، “مەرج نییە بەو خێراییە مووچەیان لەلایەن ئەمریكاوە پێ‌ بدرێت، چونكە ئەوە پێویستی بە ڕەزامەندی ئەمریكا و هاوپەیمانان هەیە دوای وردبینی و لێكۆڵینەوەی ئەمنی بۆ فەرماندەكانیان و پەنجەمۆر”.

جەختیشی كردەوە، دوای ڕێكارەكان هەركات ڕەزامەندی هاوپەیمانان درا، ئەوكات داواكاری وەزارەت بەرزدەكرێتەوە تاوەكو مووچەیان بۆ دابین بكرێت لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بۆیە ئەگەر ڕەزامەندی درا ئەوكات ئەوانیش وەك لیواكانی دیكە هاوكارییەكە دەیانگرێتەوە.