سەردێر

ئەشکەوتێکی مێژوویی لەشارباژێڕ نۆژەندەکرێتەوە

یەکەم ڕادیۆی کوردی کوردستانی عێراق لە ئەشکەوتی گردەڕەشدا دەستی بەپەخش کرد

خەڵک – نزار جەزا
ئەشکەوتی گردەڕەش لەناوچەی شارباژێڕ، ناوەندی میدیا و ئەدەب و لانکەی شۆڕشبوو، کە تێیدا ڕادیۆ و چاپخانە و کتێبخانەی تێدابوو، بەڵام ئەم ئەشکەوتە بێ خزمەت جێهێڵراوە و تەنانەت ڕێگایەکیشی نییە بۆی بچیت، لەگەڵ ئەمەدا تازە هەوڵێک بۆ دروستکردنی ڕێگای گەیشتن بەئەشکەوتەکە هەیە، کە ئەمیش دیارنییە ئایا کەی ئەم هەوڵە دەگاتە ئەنجام.

ئەشکەوتی گردەڕەش دەکەوێتە سنووری گوندی گەماڵان، نزیکە لەگوندەکانی عیساوێ و باساوێوە، سەر بەقەزای ماوەتی شارباژێڕە، کە نزیکەی ٢٥ کیلۆمەتر لەمەرکەزی قەزای ماوەت دوورە، هەزار و ٤٧٣ مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، ئەشکەوتەکە نزیکەی ٦٠ مەتر درێژە و ١٠ مەتر پانە.

لەسەرەتای ساڵی ١٩٦١ ئەم ئەشکەوتە بووبووە ناوەندی شۆڕش و ڕادێو و چاپخانە و بێتەل و کتێبخانەی بۆ ماوەی چوار ساڵ تێدابوو تا دوای جیابونەوەی شۆڕش.

ناوەندی ڕوناکبیریی شارباژێڕ شەش ساڵ پێش ئێستا داوایکرد، ئەم ئەشکەوتە، کە شوێنێکی مێژووییە، بکرێتە مۆزەخانە و شوێنی گەشتیاری، بەڵام تاکو ئێستا هیچی بۆ نەکراوە.

یەکەم پەخشی ئێزگەی دەنگی کوردستانی عێراق لە 28ی ئەیلولی 1963 لە ئەشکەوتی گردەڕەش دەستیپێکرد، کە چالاکییەکانی پێشمەرگە و شۆڕشی بە گوێگرانی دەگەیاند، کە وەک یەکەم ڕادیۆی کوردی دادەنرێت لەپاش ڕادیۆی کۆماری کوردستان، كە لە 10ی نیسانی 1946لە مەهاباد کرایەوە.

ئەم ئێزگە کوردییە لە سەرەتا ڕۆژانە یەک کاتژمێر و نیو بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بەرنامەکانی پەخش دەکرد، کە گوێگرێکی زۆری هەبوو، بەڵام بە نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، ئەم ئێزگەیە لە 24ی ئازاری 1975 پەخشەکەی ڕاگیرا.

جەمال مەلا سەعید، لێپرسراوی ناوەندی ڕوناکبیریی شارباژێڕ بۆ (خەڵک) وتی: زۆر داوایانکردووە ئەو شوێنە گرنگی پێبدرێت، بۆیە جارێکی دیکەش لەبەرواری ٢٠٢١⁄٦⁄٢ داوایان لەقائیمقامیەتی ماوەت کرد، کە داواکارییەکەیان بەرزبکاتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی تا ڕێگەی ئۆتۆمۆبێل بگەیەننە ئەشکەوتەکە، ھەروەھا داواکارییەکەیان بگەیەنێتە ڕێکخراوی ئێم ئەی جی بەمەبەستی پاکردنەوەی مین.

ئاماژەی بەئەوەشدا، پاش ئەو هەوڵانە لەبەرواری ٢٠٢١⁄٩⁄٢٣ لەگەڵ تیمی ئەندازیاران و تیمی پاککەرەوەی مین ڕۆیشتن بۆ نزیک ئەشکەوتەکە، دەرخستەی ڕێگاکەیان کرد، کە چەوڕێژ و قیر بکرێت بۆ لای ئەشکەوتەکە، تیمی مینھەڵگرەوەش لەو کاتەدابێت بۆ کاری خۆیان، ھەروەھا دەرخستە بۆ پردێک کرا بۆ پەڕینەوە.

ئەوەشی وت: ئەم پڕۆژەیە گەر جێبەجێبکرێت سوودی بۆ ئەو گوندانەی ناوچەکە زۆر دەبێت لەئایندەدا، چونکە ئەو ناوچەیە دەبێتە شوێنیکی گەشتیاری و دەتوانن ئەشکەوتەکەش بکەنە مۆزەخانە و کتێب و ئامێری چاپی ئەوکاتە و دەیان شتی دیکەی لێ دابنێن.

“ئەگەر ئەشکەوتەکە بکرێتە شوێنی گەشتیاری ئاوەدانی دەکەوێتە ئەو ناوچەیە، ھەلی کار بۆ کۆمەڵێک گەنج دروستدەبێت، ھەروەھا خاوەن باخەکان دەتوانن لەو ڕێگایە بەرهەمە خۆماڵییەکانیان بفرۆشن”، لێپرسراوی ناوەندی ڕوناکبیریی شارباژێڕ وای وت.

شارباژێڕ ناوچەیەکی دڵڕفێنە، کە سروشتێکی جوانی هەیە و خاوەنی شاخ و دەشت و دۆڵ و چەم و کانی سروشتی جوانە، هاوکات لانکەی شۆڕش بووە و دەیان شوێنی تێدایە کە ناوچەی شوێنەوارین و بۆ گەشتیاری شیاون، لەلایەکی دیکەوە ئێستا بووەتە ناوچەک بۆ پێکەوەژیانی خەڵکی هەموو ناوچە جیاوازەکان، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە و حکومەتیش ناوچەکەیان فەرامۆش کردووە.

جەمال مەلا سەعید، ھۆکاری ئەو بێخزمەتییەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، خەڵکی شارباژێڕ شەرمنن بۆ داواکارییەکانیان و پێداگیری لەسەر مافەکانیان ناکەن.

کامەران حەسەن، قائیمقامی ماوەت لەوەسفی ئەشکەوتی گردەڕەشدا بۆ (خەڵك) دەڵێت: ئەم ئەشکەوتە بەشێکە لە یادەوەری مێژوویی گەلی کورد و پڕپڕە لە چیرۆکی خەبات و قوربانیدانی گەلێک، لەم ئەشکەوتەدا ماوەیەکی زۆر چاپخانە و ڕادیۆی شۆڕشی تێدابووە و دەیان و سەدان تێکۆشەر و خەڵکی پاک و دڵسۆزی گەلی کورد لەو ئەشکەوتەدا خاوەن خزمەت و خەبات بوون.

ئەوەشی باسکرد، بیرۆکەی بردنی ئەم ڕێگایە لەلایەن ناوەندی ڕووناکبیری شارباژێڕەوە پێشکەشکراوە و قائیمقامیەتیش پشتگیرو داکۆکیکاری گەورەی ئەم پڕۆژەیەیە، ھەرچەند ئاستەنگەکان زۆرن، بەڵام ئومێدەوارن لایەنی پەیوەندیدار لە ھەوڵی جدیدابێت بۆ بەپایان گەیشتنی ئەم پڕۆژەیە، بە ھۆکاری ئەوەی ئەم ئەشکەوتە بەشێکی زیندووە لە یادەوەرەی خەباتی سەختی گەلی کورد.

شارباژێڕ ناوچەیەکە لە باکووری پارێزگای سلێمانی، دەکەوێتە پشت کێوەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ و قەیوانەوە، دەکەوێتە نێوان ناوچەی پێنجوێن و سلێمانی و پشدەر و دوکان و کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە دەیان شوێنی مێژوویی تێدایە، کە دەکرێت بکرێنە شوێنێکی گەشتیاری و سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمییەوە سوود لەو ناوچەیە نەبینراوە.