سەردێر

بەڤیدیۆ، ئۆتۆمبێلێك خۆی دەكات بەنێو پێشەنگایەكدا و زیان بە 9 ئۆتۆمبێلی سفر دەگەیەنێت

خەڵك-
شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێك لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر پێشبڕكێ دەكات و لە ناكاو كۆنترۆڵ لە دەستدەدات و خۆی دەكات بەناو پێشانگایەكی ئۆتۆمبێل و “بەو هۆیەوە نۆ ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمەتر زیانیان بەردەكەوێت”.

فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاندبووە”رووداوەكە لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر روو یداوە و لاندكروزەرێك كە مێردمنداڵێك لێیدەخوڕی و پێشبڕكێی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی دیكەدا دەكرد، بەو هۆیەوە كۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە نۆ ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمەتری بەردەم كۆمپانیایەك دەكێشێت و زیان بە هەموویان دەگەیێنێت”.

بە وتەی فازڵ حاجی”لەو رووداوە باوكەكە بە خەتابار دادەنێن، چونكە بەر لە هەموو شتێك بۆ ئۆتۆمبێلەكەی نەشرە و گڵۆپی بەستووە، بۆئەوەی رێگەی بۆ بكەنەوە، كە بەستنی نەشرە خۆی قەدەغەیە، لەدوای ئەوەش مێرمنداڵەكە هی تەمەنی شۆفێری نەبووە، چونكە لە 18 ساڵ كەمتر بووە و مۆڵەتی شۆفێریشی نەك هەر نەبووە، بەڵكو هێشتا تەمەنی هی پێدانی مۆڵەت نەبووە”.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت”ڕووداوەكە بە زیانێكی مادی زۆر كۆتایی هاتووە، كە لەوانەیە باوكەكە بتوانێت بیدات، بەڵام ئەگەر لەو شوێنە كە بەردەوام قەرەباڵغە، كەسێك یان زیاتری بكوشتایە، ئایا باوكەكە قەرەبووی ئەوانیشی دەكردەوە”.