سەردێر

سارد و سڕی بووەتە سیمای بانگەشەی هەڵبژاردن

"خەڵك بێزار بووە لە هەڵبژاردن و گۆڕانكاری"

خەڵك-ئارام سەردار

بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان و شڕۆڤەكاران پێیان وایە هۆكاری ساردوسڕی بانگەشەی هەڵبژاردن بەتایبەت لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لەهەولێر، بۆیاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە، لەهەمان كاتدا هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕان و بڕیاری بایكۆتی بەشێكی زۆر لەخەڵكی وایكردوە هەڵمەتەكە بۆ هەموو لایەنەكان بەو شێوەیە بێت.

“خەڵك بێزار بووە لە هەڵبژاردن و گۆڕانكاری”

شوان ڕابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لەبارەی سستی بانگەشەی لایەنەكان لەهەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن تەنها لەكوردستاندا نا بەڵكو لەهەموو عیراق سستە و وەكو جاران نییە، بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار كە یەكێكیان ئەوەیە خەڵك بێزار بووە هەڵبژاردن و گۆڕانكاری.

دەشڵێت، هاووڵاتیان باوەڕیان بە هەندێ كاندید و حزب نەماوە كە حوكمڕانی بكەن، لەبەر ئەوەی حوكمڕانییەكی خراپیان كردووە، لەهەمان كاتدا بازنەكانی هەڵبژاردن زیادكرا بۆ 83 بازنە، ئەمەش وایكردووە حزبەكان كاندید كەم دابنێن و فشار لەسەر هەڵبژاردن كەمترە.

شوان ڕابەر، ئەوەش دەخاتەڕوو، لەگەڵ سستی بانگەشە هەر حزبێك مەكینەی ڕاگەیاندنی خۆی و ئەندامانی خستۆتە گەڕ، بەڵام هەندێكیان لەهەندێ حزبی دیكە گەرمترن، بەنموونە كۆمەڵی دادگەری وحزبەكانی دیكەش لەم بازنانەی كاندیدیان هەیە بەگەرمی كەوتوونەتە خۆ، لەگەڵ نزیك بوونەوەی دەنگدانیش پڕۆسەكە گەرمتر دەبێت.

باسی لەئەوەشكرد، پارتیش لەحزبەكانی تر گەرمترنییە، بەڵام لەبەر ئەوەی كاندیدی زیاترە، لەهەمان كاتدا پارەو ودەسەڵات وڕاگەیاندنی زیاتر بەدەستەوەیە، جمووجۆڵی زیاتر بەو دیارە، هەروەها شێوازی بانگەشەش گۆڕاوە.

هیوا سەید سەلیم؛ “خەڵكێكی زۆر بڕیاری داوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكات”

هیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆ(خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ساردی بانگەشە پەیوەندی بەدوو هۆكار هەیە یەكەم جۆری هەڵبژاردن كە یاساكەی گۆڕاوە و فرە بازنەییە و كاندید دەتوانێ تەنها لەسنورێكی دیاری كراو بانگەشە بكات، بۆیە لایەنە سیاسیەكان پێویستیان بە كۆبوونەوەی جەماوەری فراوانی پارێزگایەك نییە.

وتیشی، خەڵكێكی زۆر بڕیاری داوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكات، ئەمەش كاریگەری لەسەر جۆش و خرۆشی لیستەكان هەیە، كەپێشتر خەڵك پشتگیریان دەكردن، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نییە، بۆیە لەئەنجامدا پڕۆسەكە بەسارد و سڕی بەڕێوەدەچێت.

شڕۆڤەكارێكی سیاسی،” لایەكانی ئۆپۆزسیۆن لە٤٠٪ی دەنگەكانیان كەمی كردووە”

لای خۆشیەوە شێرزاد مامە، شڕۆڤەكاری سیاسی بۆ (خەڵك)وتی، لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢١ گۆڕەپانی سیاسی كاریگەری لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن دروست دەكات و گەرم و گوڕی و ساردی پەیوەستە بە پێگەو قورسایی و كاریگەری حزبە سیاسیەكان لەو قۆناغەی ئێستادا لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر بەوردی خویندنەوەی بۆ بكەین دۆخەكە بەم شێوەیەیە، كە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بزوتنەوەی گۆڕان لە ٩ كورسی ئێستا خاوەنی ٥ كورسییە، هەروەها یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە چوار كورسی ئێستا خاوەنی ٢ كورسییە، كۆمەڵی ئیسلامی لە ٣ كورسیەوە ئێستا خاوەنی ٢ كورسییە، واتە بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی ٤٠٪ ی دەنگەكانیان كەمی كردووە.

ڕوونیشی كردەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان حزبە هاوتاكەی پارتی و خاوەنی زۆنی سەوز بە تەواوەتی و شەریكی یەكەمی حوكمڕانی كوردی لە ٢١ كورسیەوە، ئێستا خاوەنی ١٨ كورسیە، لەهەمان كاتدا بەشداری كردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك ئەم جارە بۆماوەی ٣ ساڵ تێپەڕیووە تائێستا كێشەیەكی ئەوتۆ ڕووی نەداوە ببێتە هۆی ناكۆكی نێوان گۆڕان و پارتی.

“پارتی هەست بە ڕكابەرێكی بەهێز ناكات لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنی ئەمجارە”

شێرزاد مامە، باس لەوەش دەكات، هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕان كاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئارامی بەڕێوەچونی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن، ئەو دۆخەی ئێستای ناوخۆی یەكێتیش كاریگەری لەسەر تەواوی جوڵە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆیە ئەم هۆكارانە وایكردووە تێڕوانینی پارتی بەشێوەیەك بێت هەست بە ڕكابەرێكی بەهێز نەكات لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنی ئەم جارە لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی نێوان یەكێتی و گۆڕان.

شێرزاد مامە پێی وایە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەهۆی كەمكردنی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ ساردو سڕی زۆریان پێوەدیارە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئێستای ٢٠٢١
لەلایەكی تریشەوە ئەو هاوپەیمانیەی نێوان یەكێتی و گۆڕان ئارامیەكی بە زۆنی سەوز بەخشیوە بەشێوەیەك بەهۆی موراعاتكردنی گۆڕان بۆ یەكێتی.

هەروەها لەزۆنی زەردیش وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو لەڕووی ڕاگەیاندن و كەمپینی مەیدانی دۆخەكەی نەشڵەژاوە، پێگەی سیاسی و قورسایی یەكێتیش بوەتە پارێزبەندیەك بەشێوەیەك پارتی وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو ناڕوانێتە گۆڕان و موڕاعاتی هاوپەیمانی شەریكە سەرەكیەكەی دەكات لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت و بەردەوام بوونی و نەبوونی هیچ جۆرە ناكۆكیەك لەنێوان پارتی و گۆڕان، بۆیە لە دەرەنجام ساردو سڕی و بەریەك نەكەوتن و جۆرێك لە ئارامی بوەتە سیمای هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.