سەردێر

بنكەیەكی تەندروستی لە هەولێر كرایەوە

رۆژانە 300 نەخۆش سەردانی دەكەن

خەڵك
لەهەولێر گەورەترین بنكەی تەندروستی كرایەوە بۆپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانە ٣٠٠ نەخۆش سەردانی بنكەی تەندروستی ئازادی دەكەن.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە بڕی ٢ ملیار دینار دووبارە لەسەر بودجەی حكومەتی هەریمی كوردستان بنكەی ئازادی خێزانی لەهەولێر دروستكرایەوە، ئەم بنكەیەش ساڵانێكی زۆری خزمەتی كەرتی تەندروستیی كردووە.

دەشڵێت، بنكەكە لە ٧٢ ژوور لە دوو نهۆمدا پێكهاتووە، بە دوو شێوازیش خزمەت دەكات ئەویش بەیانیان وەك بنكەی تەندروستی و لە ئێوارانیش كلینك دەبێت، جگە لەوەش ئەركی پێدانی ڤاكسینەكان و دابینكردنی چارەسەر و ووردبینی دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی دەكەن.

هاوكات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەوەی خستەڕوو، ڕۆژانە ٣٠٠ نەخۆش سەردانی بنكەی تەندروستی ئازادی دەكەن، ئەم بنكە تەندروستییە دەتوانێ خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بەدانیشتووانی گەرەكە نزیكەكانی خۆی لەناو شاری هەولێر (كوران ـ ئازادی ـ زانیاری) بكات، بەپێی بودجەی بەردەستیش كە لە ئێستادا ئاسۆمان ڕوونە دەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكەینەوە كە ماوەیەكی زۆر بوو هەم پڕۆژەی تازە و هەم پڕۆژەی وەستاو كاریان تێدا نەدەكرا.

No description available.