سەردێر

هاوپەیمانی فەتح: تائێستاش هەندێك لە سەركردە كوردەكان نەفەسی جوداخوازییان هەیە

پێیوایە هەرگیز پێشمەرگە ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت پێیوایە، تائێستاش نەفەسی جوداخوازی لای هەندێك لە سەركردە كوردەكان هەیە بە پشتیوانی دەرەكی.

ئەحمەد كینانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ناكرێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكانی كوركوك موسڵ، دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەست دەكەن تەواو وابەستەی عیراقی یەكگرتوون و نایانەوێت جیاببنەوە”.

بە وتەی كینانی”بابەتەكە پەیوەندی بە حكومەتی نوێوە هەیە كە دەبێت ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر، هیوای گەورەشمان هەیە حكومەتی داهاتوو سنور بۆ هەندێك لەو سەركردە كوردانە دابنێت كە تائێستاش نەفەسی جوداخوازییان هەیە و دەیانەوێت لە چوارچێوەی عیراق دەربچن و ڕەتیدەكەنەوە لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیدا كاربكەن”.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت”هەرگیز هێزەكانی پێشمەرگە ناگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی پێیان دەوترێت ناوچە كێشە لەسەرەكان، چونكە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە دانیشتوانەكانیانەوە هەیە كە هەست دەكەن وابەستەی عیراقن نەك هەرێم، جیابوونەوەش تەنیا وەك خەیاڵ لە مێشكی هەندێك لە سیاسییە كوردییەكاندا دەمێنێتەوە”.